جام کوردی - نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ڕێوشوێنەکانی گەرووی هورمز لەسەر بنەمای یاسای دەریایی دامەزراون و بەرپرسیارێتی پەککەوتنەکان لە ئەستۆی ئەمریکا و پشتیوانانی ئەو وڵاتەیە.

ئەمیر سەعید ئیرەوانی نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ڕێوشوێنەکانی ئێران لە گەرووی هورمز لەسەر بنەمای یاسای دەریایی و ڕێسا نیشتمانییەکان دامەزراوە و بە ئامانجی هاوسەنگکردنی ئاسایش و کەشتیوانی سەلامەت پەسەندکراون.

ناوبراو زیادی کرد: ئێران ئەندامی ڕێککەوتننامەی یاسای دەریایی ساڵی ١٩٨٢ نییە و تەنیا ئەو ڕێسایانە قبوڵ دەکات کە وەک یاسای نەریتی نێودەوڵەتی ناسێنراون.

هەروەها ڕوونیکردەوە: بەشێک لە ئەندامان، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا پشتگوێ دەخەن لە کاتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نیگەرانن لە هەڕەشەکان بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئێران بە توندی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرپرسیارێتی هەر پەککەوتنێکی گواستنەوەی دەریایی ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی ئەمریکا و لایەنگرانیدایە.

ئیرەوانی دانی بەوەدانا: ئەو نیگەرانییە گوایە سەبارەت بە سەلامەتی دەریایی و ئازادیی کەشتیوانی نە ڕاستەقینە و نە لەگەڵ کردار و هەڵوێستی هەندێک وڵاتدا یەکدەگرێتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە: ئێران بە وردی پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنەکانی دەکات لە دۆخی پەرەسەندندا بۆ پاراستنی ئاسایش و کەشتیوانی سەلامەت لە گەرووی هورمز.