جام کوردی - ئەمیر ئەکرەمی نیا، وتەبێژی سوپای ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە لە لێدوانێكدا بۆ میدیا فەرمییەكانی ئێران ڕایگەیاند، بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان، ئەگەری هێرشی زەمینی پێشبینیکرابو و هەمو یەکەکان لە ئامادەباشی تەواودا بوون.
ئەمیر ئەکرەمی نیا دەشڵێت، هێزی وشکانیش بە جێگیربوون لە خاڵە جیاجیاکانی وڵات، ئامادەی بەرەنگاربونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک بو. هەر لەم چوارچێوەیەدا یەکەکانی سوپا بە پەرچەکردارێکی خێرا، فڕۆکەیەکی ئەمریکییان کردە ئامانج و ئەم هەنگاوە یەکلاکەرەوەیە بوە هۆی تێکشکاندن و شکستهێنانی ئۆپەراسیۆنی دوژمن.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی كەنارئاوەكان، وتەبێژی سوپا ئاماژەی بەوەکرد، کە گەروی هورمز بە شێوەیەکی هەماهەنگ لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. بە جۆرێک کە ناوچەی ڕۆژئاوای ئەم گەروە لەژێر بەڕێوەبردنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدایە و ناوچەی ڕۆژهەڵاتەکەی لەلایەن سوپای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێت.