محەمەد ئەکبەر زادە، یاریدەدەری کاروباری سیاسی لە هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران، لە گوتارێکدا کە لە شاری میناب پێشکەشی کرد رایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا تووشی هەڵە تێگەیشتن بێت و جارێکی دیکە دەستدرێژی بکاتە سەر ئێران، هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران ئەمجارە توانا نوێیەکانی خۆیان بەکاردەهێنن."

ئەکبەر زادە ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک و گوتی: "سوپای پاسداران خاوەنی توانای نوێیە لە بواری دەستنیشانکردنی ئامانجەکاندا."

ئەکبەر زادە جەختی لەوەش کردەوە، ئەم توانا نوێیانە وا لە هێزەکانی ئێران دەکەن کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە زەبەلاحەکان بسووتێنن و لە کاریان خەن." ئەگەر بێت و ئەمریکا هەر جۆرە کارێکی سەربازی دژی تاران ئەنجام بدات.

ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران باسی لەوەکرد، ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا دووبارە ببنەوە، تاران پەنا بۆ ئامرازەکانی دیکەی هێز لە بەرەکانی جیاوازی بەرگری دەبات.