دوێنێ پێنجشەممە، ٣٠ـی ٤ـی ٢٠٢٦، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران، بڵاویکردەوە، عەلی فالح ئەلزەیدی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێگەیشتووە. لەو پەیوەندییەدا، ترەمپ بەبۆنەی ڕاسپاردنی فەرمییەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، پیرۆزبایی لێکردووە، و داوای لێکردووە، دوای تەواوبوونی کارەکانی پێکهێنانی حکومەت، سەردانی واشنتن بکات.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن کردووە، و جەختیان لەسەر پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکاندا کردووەتەوە، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو و سەرۆکی ئەمریکا، دووپاتیان کردەوە، کە کارکردنی پێکەوەیی و هاوکاریی دووقۆڵی بەردەوام دەبێت، بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.