بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فارس، ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە پێشنیازێکی ١٤ خاڵی ڕادەستی واشنتن کردووە. ئەم پێشنیازە وەک وەڵامێک دێتە ئەستۆی پڕۆژەی نۆ خاڵیی ئەمریکا و تێیدا هێڵە سوورەکانی تاران و نەخشەڕێگایەکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ خراوەتەڕوو. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پێشنیازە لەلایەن ئۆرگانە باڵاکانی بڕیاردان لە ئێران پەسەندکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕایگەیاندووە کە پێشنیازی دوایینی ئەمریکا تەنها ئاگربەستێکی دوو مانگی لەخۆگرتبوو بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان. بەڵام تاران ئەو پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی شەڕ دەبێت بە تەواوی کۆتایی پێ بێت، نەک بە ئاگربەستی کاتی درێژ بکرێتەوە.
هەروەها بەپێی هەمان سەرچاوە، لە ناو پێشنیازە ١٤ خاڵییەکەدا دیاریکراوە کە دەبێت هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەر بکرێن کە لە ٣٠ ڕۆژ زیاتر نەبێت. تاران پێی وایە ئەولەویەت دەبێت بدرێت بە داخستنی تەواوی دۆسیەی شەڕ، نەک بە بەڕێوەبردنی ئاگربەستە کاتییەکان.