جام کوردی - لە نێوان سێگۆشەی "جەنگ و دانوستاندن و شەڕی گەمارۆدان"دا،
ئەوەی لە هەموو بژاردەیەکی دیکە لەگەڵ واقیعەکانی دیمەنی ئەمڕۆدا یەکدەگرێتەوە، بەردەوامبوونی
مۆدێلی سێیەمە: جۆرێکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەرتبوون کە تێیدا ئامرازە ئابووری و دەریایی
و سیاسییەکان جێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی دەگرنەوە. بەڵام لەوەش گرنگتر،
بۆ یەکەمجار ئەمریکا لە دۆخێکدایە کە یەکێک لە "سێ بژاردەی خراپ" هەڵبژێرێت؛
بژاردەکان کە بە لەبەرچاوگرتنی توانا و هەڵوێستەکانی ئێران، لە ڕووی ستراتیژییەوە بۆ
واشنتۆن خوازراو نین.
بژاردەی یەکەم گەڕانەوەیە بۆ شەڕی ڕاستەوخۆ؛ ڕێگایەک کە نەک هەر لە ڕووی سیاسییەوە تێچووی زۆری هەیە بۆ دۆناڵد ترەمپ، بەڵکو پێویستی بە پێناسەیەکی نوێ دەبێت بۆ "پێویستی" و "ئەگەری سەرکەوتن". لە هەلومەرجێکدا کە ڕای گشتی جیهانی و کەشوهەوای سیاسی ئەمریکا زیاتر هەستیار بووە بەرامبەر بە دەرئەنجامەکانی شەڕ و تێچوونە ئابوورییەکانی بە خێرایی لە بازاڕە جۆراوجۆرەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، بە تایبەت لە کەرتی وزەدا، پاساوهێنانەوە بۆ ململانێیەکی نوێ کارێکی ئاسان نییە. لە لایەکی دیکەوە، تواناکانی ڕێگریکردن لە ئێران، بە تایبەت دوای شکستی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی لە شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا، مەترسییەکانی ئەم بژاردەیەی زۆر زیاد کردووە.
بژاردەی دووەم بریتییە لە هەنگاونان بەرەو دانوستان؛ بەڵام لە پێگەیەکی یەکسانەوە نا، بەڵکو لە چوارچێوەی هەمان فشارەکانی پێشوودا. هەروەها ئەم بژاردەیە ڕووبەڕووی تەحەدای جددی دەبێتەوە. وەڵامی 14 خاڵیی ئێران بۆ پێشنیازی ئەمەریکا نیشان دەدات کە تاران بەدوای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیدایە لە چوارچێوەی دانوستانەکاندا: لە ئاگربەستێکی کاتیەوە بۆ کۆتاییهاتنی تەواوەتی شەڕ، هاوکات لەگەڵ گەرەنتی ئەمنی، هەڵگرتنی سزاکان، کۆتایی هێنان بە گەمارۆی دەریایی و تەنانەت پێدانی قەرەبوو. چوارچێوەیەکی لەو شێوەیە بە کردەوە بە مانای پاشەکشەی ئەمریکا لە سیاسەتی زۆرترین فشار دێت؛ شتێک کە واشنتۆن ئاسان نییە قبوڵ بکات.
بەڵام بژاردەی سێیەم، درێژەدان بە دۆخی ئێستا یان "جەنگی گەمارۆدان"، هەرچەندە ڕەنگە لە ڕووکەشدا تێچووی کەمتر دەرکەوێت، بەڵام وردە وردە دەبێتە تەڵەیەکی ستراتیژی بۆ ئەمریکا. لەم مۆدێلەدا فاکتەری دیاریکەر هێزی لێدان نییە بەڵکو "خۆڕاگرییە". هەر لایەنێک بتوانێت بە باشترین شێوە فشارە درێژخایەنەکان بەڕێوەببات، دەستی سەرەوەی دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر ئێران بتوانێت بە شێوەیەکی دروست توانا ستراتیژییەکانی خۆی بپارێزێت و چالاکی بکات، بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ گەرووی هورمز، ئەم سیناریۆیە دەتوانێت لە بەرژەوەندی تاران کۆتایی بێت.
لە ڕاستیدا ئەگەر واشنتۆن بژاردەی سێیەمیش هەڵبژێرێت، هێشتا ڕووبەڕووی کێشەیەکی بنەڕەتی دەبێتەوە، ئەویش گۆڕانکارییە لە ئاراستەی فشارە جیهانییەکان. نیشانەکانی ئەم گۆڕانکارییە بە ڕوونی دیارە، بە تایبەت لە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەدا. نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە دەبێت گەمارۆی ئەمریکا دژی ئێران هەڵبگیرێت و ڕەگی قەیرانەکە لە هێرشە "نایاسایی"یەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ئێراندایە. ئەم هەڵوێستە، لە دەرەوەی بەیاننامەیەکی دیپلۆماسی، ئاماژەیە بۆ پێکهاتنی گێڕانەوەی بەدیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ گێڕانەوەیەک کە ئەمریکا وەک فاکتەری ناسەقامگیرکەر دەخاتە ڕوو.
هەروەها چین پشتیوانیی لە دانوستانەکانی پاکستان کردوە و جەختی لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز و وەستاندنی شەڕ کردووەتەوە، هەروەها هۆشداریشی داوە لە بەردەوامیی ڕێبازی سەربازی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەکین سزاکانی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێرانی بە "نایاسایی و جێبەجێنەکراو" زانیوە و بە فەرمی ناڕەزایەتی دەربڕیوە بەرامبەر بە سنووردارکردنی بازرگانی. هەروەها وەزارەتی بازرگانی چین ئەم ڕێوشوێنانەی بە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کردووە و دژایەتی خۆی بۆ سزا تاکلایەنەکان دووپاتکردووەتەوە.
گرنگی ئەم پێشهاتانە کاتێک زیاتر دەبێت کە دەزانین پرسی گەرووی هورمز بووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان سەرکردەکانی واشنتۆن و پەکین لە سەردانەکەی ترەمپ بۆ چین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەوەی پێشتر بە لیڤەرێکی ناوچەیی دادەنرا، ئێستا بووەتە پرسێکی جیهانی و ڕەهەندی جیۆپۆلەتیکی فراوانی هەیە. لەم جۆرە هەلومەرجەدا هەر پەککەوتنێک لەم کۆریدۆرە ژیانییە نەک تەنها کاریگەری لەسەر بازاڕی وزە بەڵکو لەسەر تەواوی ئابووری جیهانیش دەبێت و ئەمەش فشارەکان لەسەر ئەمریکا زیاتر دەکات.
لەم چوارچێوەیەدا شەڕی گەمارۆدان چیتر تەنیا ئامرازێکی تاکتیکی نییە، بەڵکو بووەتە “ستراتیژێکی کاتیی”. لەم بوارەدا ئێران بە پشتبەستن بە پێگە و توانا جیۆپۆلەتیکییەکانی، دەتوانێت تێچووی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە بۆ لایەنی بەرامبەر زیاد بکات، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو شەڕێکی تەواو.
لە بەرامبەردا ئەمریکا لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێکدا ڕووبەڕووی جۆرێک لە چەقبەستوویی دەبێتەوە: شەڕ، تێچووی زۆر و مەترسیدار؛ دانوستان، پێویستی بە پاشەکشە هەیە؛ و بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا، لەگەڵ وەرینی وردە وردە و زیادبوونی فشارە جیهانییەکان.
بە واتایەکی تر هاوکێشەی ئێستا تەنها کێبڕکێی نێوان دوو ئەکتەر نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیە بۆ پێوانەکردنی تواناکانی بەرگەگرتن و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان. لە هاوکێشەیەکی لەو جۆرەدا مەرج نییە باڵادەستی بە مانای سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە بێت، بەڵکو توانای داڕشتنی ڕەوتەکان و سەپاندنی تێچوونە بەسەر دیوەکەی تردا. لەم ڕوانگەیەوە پێدەچێت ئێران دەستی باڵای لە شەڕی گەمارۆداندا هەبێت، لانیکەم بۆ ئێستا؛ دۆخێک کە ئەگەر بەڕێوەبردنی زیرەک لەگەڵیدا بێت، دەتوانێت بگۆڕێت بۆ سوودێکی بەردەوام.