جام کوردی - (پێشنیارێك بۆ سینەماکاران و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی)؛ ئێستا عەجاج لە زیندانە، ئەو زۆرترین ناوی وەك دڕندە دێت و نمونەی ئەفسەرێکی بێ بەزەییە
لەدوای سزادانی و یەکلا بونەوەی حوکمەکەی زۆر گرنگە لە ڕێگەی فەرمی و سیاسیەوە هەوڵی تەواو بدەن لەگەڵ حکومەتی عێراقی کە دیدار بۆ ستافێکی سینەمایی و بەرهەمهێنانی فیلمێکی دیکۆمێنتاری رێکخەن، کە عجاج خۆی چیرۆکەکان بگێڕێتەوە کە چی کردوە و چۆن عەزیەتی خەڵکی داوە و خەڵکی بە کێبڵ و برسێتی کوشتوە و چۆن دەستدرێژیەکانی ئەنجامداوە.
زۆر گرنگە ئەفسەرێك خۆی بڵێ ئێمەو هاوڕێکانمان ئاوامانکرد لە خەڵکی زیندانیکراوی کورد لە زیندانی نوگرە سەلمان، ئەوکات جەلادێك خۆی دەبێتە گێڕەرەوەی چیرۆکی ستەمی حکومەتێکی دڕندە، چیرۆکەکە لە ئێعترافی زیندانیەکەوە بگۆڕن بۆ گێرانەوەیەکی دیکۆمێمتاریانەی سینەمایی کوالیتی بەرز.
ئەم دیکۆمێنتکردنە کارێکی گەورە دەبێت بۆ کەیسی ئەنفال و دەکرێ لە پرۆژەی سینەماییدا بەکار بهێنرێت
پێموایە عجاج لە دوای ئەوەی حوکمەکەی دیاری کراو زانی قسەکانی ڕەوتی لێکۆڵینەوە ناگۆڕن، قسە دەکات و چیرۆکەکە وەك خۆی دەگێڕێتەوە، هەندێک جار بۆ ئەم کارانە پارەش بدەیتە جەلاد تا ڕازی بکەیت قسەبکات پارەدانێکی ڕەوایە.
لەبەر ئەوە پێشنیار ئەکەم بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی چونکە ئەمە تەنها پێویستی بە پارە نیە بەڵکو پێویستی بە پەیوەندی حکومی و سیاسی باڵا هەیە و کەیسی ئەنفال و بە دیکۆمێنتکردنی چیرۆکەکە زۆر لەوە گەورەترە کە ئێمە ئاوا خەمساردانە بەسەریدا تێپەڕین، کات زۆر کەمیش لە بەردەستدایە و ڕینادا مرۆڤەکان بە زیندوویی بۆ تەمەنێکی درێژ بمێننەوە، بەرلەوەی جەلادەکان بمرن و شاهیدەکان بەئازارەوە دنیا جێ بهێڵن کارێک بکەن و نیشانی دنیای بدەن و بۆ نەوەکانیشمان بمێنێتەوە، کە تیایدا جەلاد و قوربانی خۆیان قسە بکەن
بۆیە مەهێڵن عجاجەکان تێپەڕن تا چیرۆکەکان بگێڕنەوە و دیکۆمێنتیان بکەن، چونکە هێشتا کەیسی ئەنفال وەك جینۆساید لە جیهاندا نەناسێنراوە وەك پێویست جیهان ئاشنای ئازارەکانی کورد نیە.