جام کوردی- پارێزگاری کرماشان ئامادەیی تەواوەتی سنووری خوسرەوی بۆ میوانداریکردنی زیارەتکاران و ماتمدارانی عێراقی ڕاگەیاند و وتی: پلانی پێویست دانراوە بۆ ئامادەبوونی گەلی عێراق لە بەشداری پرسەی "ئیمامی شەهید" و گواستنەوەیان لە سنووری خوسرەوییەوە بۆ شارەکانی تاران و مەشهەد.

بە پێی ڕاپۆرتی جامی کوردی، مەنوچێهر حەبیبی لە دیدارێکدا لەگەڵ کونسوڵی گشتی عێراق لە کرماشان ڕایگەیاند: ئەگەری بەکارهێنانی شەمەندەفەر و پاس و گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گواستنەوەی زیارەتکارانی عێراقی لە سنووری خوسرەوییەوە پێشبینی کراوە و پێویستە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئامادەیی ئەم سنوورە ئاگادار بکرێتەوە.

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە بوارەکانی ئاسایش، ئابووری و فەرهەنگ، کرماشانی بە تەوەری پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوای وڵات لەگەڵ عێراق زانی و وتی: ئەم پارێزگایە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەشی عەرەبی عێراقدا هەیە و توانای بەرفراوانی بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی دووقۆڵی هەیە.

پارێزگاری کرماشان هەروەها پلانی چالاککردنی هاتوچۆی گەشتیاری لە سنووری سومارەوە بۆ ئەربەعینی ئەوساڵی ڕاگەیاند و وتی: ڕێوشوێنی ژێرخانی لە لایەنی ئێرانەوە دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لایەنی عێراقیش زەمینەی پێویست بۆ دامەزراندنی هاتوچۆی گەشتیاران دابین بکات.

حەبیبی بە ئاماژە بە پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە، جەختی لە باشترکردنی ڕێگای مەنزەرییە بۆ بەغدا کردەوە و وتی: پڕۆژەی هێڵی ئاسنی کرماشانیش بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا ڕێگای شەمەندەفەر بۆ ئیسلام ئابادی غەرب تەواو بێت و بەهەمان شێوە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بۆ سنووری خوسرەویش؛ پلانێک کە بتوانێت زەمینە بۆ پەیوەندی شەمەندەفەر لە نێوان ئێران و عێراقدا خۆش بکات.

کونسوڵی گشتی عێراق لە کرماشان لەم دیدارەدا ئامادەیی چین و توێژە جیاجیاکانی گەلی عێراقی بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی پرسەی "ڕێبەری نەتەوە"ی لە ئێران ڕاگەیاند و وتی: پلان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیانی عێراق لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشانەوە خەریکە جێبەجێ دەکرێت.