جام کوردی ـــ بریکاری یاسایی سەرۆککۆمار لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ناوچە ئازادەکان ڕایگەیاند: ئەو ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوانەی کە توانای بزوێنەری زیاتر لە 2 هەزار و 500 سی سییە و پێش ئەوەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران لە مانگی تەمموزی ساڵی 1403 ڕابگەیەنرێت، چوونەتە ناوچە ئازادەکانەوە، بە لەبەرچاوگرتنی مەرجی یاسایی دەتوانن تابلۆی نیشتمانی وەربگرن و بگوازرێنەوە بۆ ناوچەی سەرەکی.

بریکاری سەرۆککومار لە وەڵامی لێکۆڵینەوەیەکی سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ناوچە ئازادەکاندا، جەختی لەوە کردەوە کە قەدەغەکردنی ژماردانانی نیشتیمانیی ئۆتۆمبێلی سەروو 2 هەزار و 500 سی سی تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە دوای پەسەندکردنی ئەو ڕێسایەی کە پێشتر ئاماژەی پێکراوە چوونەتە ناوچە ئازادەکانەوە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە پێش ئەو بەروارە هەبوون لەم سنووردارکردنە بێبەرین.

بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کەم ئەم یاسا دەیانگرێتەوە دەبێت سێ مەرجی سەرەکییان تێدابێت: یەکەم؛ دەبێت پێش ڕاگەیاندنی بڕیارنامەکە لە ناوچە ئازادەکاندا ئامادەبوون؛ دووەم؛ هەموو باج و قەرز و باجی هاوردەکردن، بە باجی گومرک و قازانجی بازرگانیشەوە دەبێ درابێت و سێیەم؛ تەمەنی ئۆتۆمبێلەکە لە کاتی هاوردەکردندا لە پێنج ساڵ کەمتر بێت.

ئەم بڕیارە دەتوانێت هەندێک لە ناڕوونییەکانی پەیوەست بە دۆخی ئۆتۆمبێلەکان لە ناوچە ئازادەکاندا چارەسەر بکات و ڕێگە خۆش بکات بۆ گواستنەوەی یاسایی بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە بۆ ناوچە سەرەکییەکان.