ئەمڕۆ شەممە ١٦ـی ئایاری ٢٠٢٦، بەپێی راگەیەندراوی فەرمی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی، گوێی لە سەرنج و پێشنیاری وەزیرەکان گرتووە سەبارەت بە دۆخی ئێستای وەزارەتەکان و داوای لێکردوون کێشەکان دەستنیشان بکەن و ستراتیژی خێرا بۆ چارەسەرکردنیان دابڕێژن.
گرنگترین ڕێنماییەکانی زەیدی بۆ وەزیرەکان:
١- پێویستە سەرجەم وەزیرەکان لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەستۆپاکی و سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا بکەن.
٢- لە ئێستادا ئەنجامدانی هەر گۆڕانکارییەکی وەزیفی یان دەستکارییەک لە پێکهاتە و هەیبەتی وەزارەتەکاندا قەدەغەیە.
٣- وەزارەتەکان ٣٠ ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ پێشکەشکردنی پلان و ئەولەویەتەکانیان، تاوەکو بخرێتە ناو بەرنامەی کاری حکومەتەوە.
٤- دەبێت بەڕێوەبەری نووسینگەی هەر وەزیرێک تەنها لە فەرمانبەرانی خودی ئەو وەزارەتە بێت، نەک لە دەرەوە بهێنرێت.
٥- کۆبوونەوەی وەزیرەکان لەگەڵ باڵیۆزانی عەرەبی و بیانی دەبێت تەنها لە ڕێگەی سياقە فەرمییەکان و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە بێت.
ئەرکی وەزارەتە خزمەتگوزاری و ئابورییەکان:
وەزارەتی کارەبا؛ ڕاسپێردراوە بە ئامادەکردنی دوو پلانی جیاواز؛ یەکێکیان کورتخایەن و خێرا بۆ چارەسەری کێشەی کارەبای ئەم هاوینە، و ئەوی دیکەیان درێژخایەن بۆ پەرەپێدانی تۆڕی کارەبای نیشتمانی.
وەزارەتی نەوت؛دەبێت لە وەزارەتێکی نەوتفرۆشتنی خاوەوە بگۆڕێت بۆ وەزارەتێک کە بەهای زیادکراو، زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن دروست بکات.
وەزارەتی گواستنەوە؛ چڕکردنەوەی کارەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی "ڕێگای گەشەپێدان" (طریق التنمیة) و بەستنەوەی عێراق بە بازرگانیی جیهانییەوە.
وەزارەتی تەندروستی؛ کاراکردنی یاسای "دەستەبەری تەندروستی" (الضمان الصحي).
وەزارەتی دەرەوە؛ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی خێرا بۆ چالاککردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەسەر ئاستی عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتی.
دۆسیەی گەندەڵی و چاکسازیی کارگێڕی:
سەرۆک وەزیرانی نوێ جەختی لەسەر پێویستیی هاوکاریی تەواو لەگەڵ "دەستەی دەستپاکی" (هیئة النزاهة) کردەوە و رایگەیاند، دەبێت کار لەسەر گێڕانەوەی پارە دزراوەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات بکرێت. هەروەها داوای کرد دامەزراوە فەرمییەکان لە ململانێی حزبی و سیاسی بەدوور بگیرێن، کارئاسانی بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان بکرێت و پڕۆژە پەککەوتووەکان بخرێنەوە گەڕ.