تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە زمانی رەزاییەوە بڵاویکردەوە، گەرووی هورمز بۆ مەبەستی بازرگانی کراوەیە نەک بۆ کۆبوونەوەی سەربازی. جەختی کردەوە، "گەمارۆی دەریایی بە واتای جەنگ دێت و بەرەنگاربوونەوەی بە مافی خۆمان دەزانین، چونکە ئارامی گرتنی ئێمە سنووری هەیە." رەزایی هەڕەشەی شکاندنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکای کرد و ئاماژەی بەوە دا، هێزە چەکدارەکانی ئێران خەریکی خۆسازدان و ئامادەکاری پێویستن بۆ ئەو مەبەستە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رەزایی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵ دەدات لایەنێکی ناوچەیی پەلکێشی جەنگ دژی ئێران بکات، تاوەکو دۆناڵد ترەمپ قایل بکات بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنیان. گوتیشی: "ترەمپ هیچ شەرعیەتێکی نییە بۆ بەردەوامبوون لە جەنگ، چ لە ناوخۆی ئەمریکا و چ لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان." هەروەها هێرشکردنە سەر ئێرانی بە کارێکی گەمژانە و تاوانکارانە ناوبرد کە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ئابووری جیهان هەبووە و دەڵێت: "تا زیاتر گەمارۆی دەریایی بەردەوام بێت، لێکەوتەکانی زیاتر دەبن."

سەبارەت بە پەیوەندییە ناوچەییەکان، رەزایی رەخنەی توندی لە ئیمارات گرت و رایگەیاند "ئیمارات بە لایەنگری ئیسرائیل هەڵەیەکی زۆر گەورەی کردووە، ئەم رەفتارەشی بە مانای رازی بوونە بە پلانی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی نەخشەی رۆژئاوای ئاسیا." ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران دەرگای دۆستایەتی بەڕووی ئیمارات دانەخستووە، بەڵام نابێت ئیمارات لە پیلانگێڕییەکانی ئیسرائیل تێوەبگلێت، چونکە ئامانجی ناتانیاهۆ ئەوەیە ئیمارات بخاتە ناو جەنگ بۆ ئەوەی بۆ ترەمپ بسەلمێنێت کە لە جەنگی ئێراندا تەنیا نییە.

لەسەر پرسی دانوستانەکان، رەزایی ئاشکرای کرد، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشنیازی کردووە چین لە دانوستانەکاندا بەشدار بێت. گوتیشی: "ئێران ناڕەزایەتی نییە لە بەشداری چین و رووسیا چونکە داواکارییەکە لە روانگەیەکی دۆستانەیە. رەزایی ئاماژەی بەوەش کرد، لە دانوستانەکانی ئەم دواییەدا ئەمریکا 10 خاڵەکەی ئێرانی قبوڵ کردووە بەڵام پاشگەز بوونەتەوە، جەختیشی کردەوە "ئێمە لە دانوستانەکاندا جددین، بەڵام دوژمن دەبێت بزانێت لە جەنگ و بەرگریدا جددیترین."