لە میانی پێشوازیکردنی لە وەزیری ناوخۆی پاکستان لە تاران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران تیشکی خستە سەر هەڵوێستەکانی وڵاتەکەی. لە دیدارەکەدا هەردوولا بە چڕی تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووریدا کرد.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئێمە ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ بەڵێنشکێنییەکانی ئەمریکا و خیانەتکردنی لە پرۆسەی دیپلۆماسیدا هەیە.


٠ بەڵام تاران لە پاڵ پەرۆشی بۆ بژاردەی دیپلۆماسی، لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی خۆی بە مەبەستی بەرگریکردن لە ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، عێراقچی هۆشداری دا لە لێکەوتەکانی ئەو جەنگەی کە بە شەڕی سەپێنراو لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ناوی برد. هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لایەنە هێرشبەرەکان سزا بدەن، بەتایبەتی لەسەر بۆردوومانکردنی شاری میناب کە تێیدا 170 قوتابی و مامۆستا گیانیان لەدەستدا. لە بەرامبەریشدا ستایشی هەوڵەکانی ئیسلام ئابادی کرد بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان.

موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، جەختی لە خواستی ڕژدی حکومەتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران کردەوە، و ئومێدی خواست کە هەوڵە نێوەندگیرییەکانی وڵاتەکەی ببنە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.