بەگوێرەی داتاکانی کەشتیوانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری چینی کە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقیان هەڵگرتبوو، بەو گەرووەدا تێپەڕیون، بەمەش ژمارەیەکی کەمی کەشتیی توانییویانە لە گەرووەکە تێپەڕن.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە داخستنی گەرووی هورمز زۆرترین کاریگەریی لەسەر بووە، بەو پێیەی زۆرینەی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە پشت بەم رێگا دەریاییە گرنگە دەبەستێت، بەتایبەتی هەناردەی نەوتی خاوی بەسرە بۆ بازاڕەکانی ئاسیا بەتایبەت بۆ چین.
لەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە بەرووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخرا، بەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز لەبازاڕەکانی جیهان هەبوو.
هاوکات ئێران هۆشداری دا هەر کەشتییەکی بازرگانی بیەوێت بەو گەرووەدا تێپەڕێت، دەبێت مۆڵەت لەوان وەربگرێت، هەروەها نابێت کەشتییەکەش سەر بەو لایەنانە بێت کە تێوەگلاوی جەنگەکەن.