عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند، دۆسیەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو تەنا بە یەک هۆکاری وەک کورتهێنانی بودجەی گشتیی فیدراڵییەوە بەند نییە، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکاری بەرفراوانی دارایی و ئابووری ئاڕاستەی دەکەن، ئەمەش پێویستی بە گرتنەبەری سیاسەتی ورد هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەر شڵەژانێک کە کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری ئابووری یان متمانەی بازاڕ هەبێت.

وتیشی: “بانکی ناوەندی بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دارایی بەپێی کۆمەڵە ئامانجێکی ڕوون کە خۆی لە پاراستنی هێزی کڕینی دینار و کۆنترۆڵکردنی ئاستی نەختینە و سەقامگیری بازاڕدا دەبینێتەوە”.

عەلی عەلاق ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆخی دارایی بە هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان لەژێر چاودێریدایە بۆ دەستەبەرکردنی گونجانی بڕیارە ئابوورییەکان لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستادا.

سەبارەت بە دۆسیەی مووچەش، پارێزگاری بانکی ناوەندی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بە تەواوی دابینکراوە و هیچ مەترسییەک لەئارادا نییە، جەختیشی کردەوە کە عێراق توانای تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە ئابوورییەکانی ئێستای هەیە، ئەویش لە ڕێگەی ڕێکارە داراییەکان و ئەو چاکسازیانەی کە ئێستا لە ئارادان.

عەلی عەلاق جەختی لەوە کردەوە کە بەدیهێنانی سەقامگیری نەختینە یەکێکە لە گرنگترین کۆڵەکەکانی پاڵپشتیکردنی ئابووری نیشتمانی و بەهێزکردنی متمانەی وەبەرهێنەران و بازاڕە ناوخۆییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە بانکەکە بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێکار و سیاسەتە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری دارایی لە قۆناغی داهاتوودا