وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیستی مووچەی مانگی ئایار و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسان لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریایی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت.

سەبارەت بە ناردنی داهاتی نانەوتیی مانگی پێنج، وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، تاوەکو مانگەکە کۆتایی نەیەت و سەرجەم یەکە ژمێریارییەکان داتاکانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی نەنێرن، نازاندرێت داهاتی مانگی پێنج چەند بووە و پشکی حکومەتی عێراقیش چەند دەبێت.