جام کوردی ـ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەرەسەندنەکانی دوایین دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆنیان تاوتوێ کرد. وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردەوە، وڵاتەکەی چاوەڕێی بیستنی هەواڵی کۆتاییهاتنی جەنگ و گەڕانەوەی سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە.

ئەمڕۆ شەممە، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ فوئاد حسێن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشت، تیایدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونەوەی وەک وەزیری دەرەوە لێکردووەتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ وەزیری دەرەوەی ئێران فوئاد حسێنی لە دوایین پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە دانوستانە بەردەوامەکان ئاگادار کردەوە و ئاماژەی بەو پێشکەوتنانە کرد، لە گەڕی کۆتاییدا بەدەستهاتوون.

هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگی رۆڵی پاکستان کردەوە و ستایشی هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دانوستانەکان کرد، هاوکات ئاماژەیان بە گرنگی بەشداریی قەتەر لەم قۆناغەدا کرد.

لای خۆیەوە فوئاد حسێن سوپاسی هاوتا ئێرانییەکەی کرد بۆ پەیوەندییەکە و خستنەڕووی پێشنیازەکانی دانوستان و خۆشحاڵی خۆی بە پەرەسەندنە ئەرێنییەکانی ناو پڕۆسەکە دەربڕی.

فوئاد حسێن ستایشی هەوڵەکانی عەباس عێراقچی کرد بۆ بەرەو پێشچوونی پڕۆسەی دانوستانەکان، و جەختی لە پێویستی کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان لە زووترین کاتدا لە گەرووی هورمز و کارکردن بۆ لادانی گەمارۆکانی سەر ئێران کردەوە.

باسی لەوەشکرد، فوئاد حوسێن هیوای خواست هەواڵی ئەرێنی ببیسرتێت و ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی جەنگ و گەڕانەوەی سەقامگیری و ژیانی ئاسایی بۆ گەلانی ناوچەکە.