بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەگەر هەردوولا لەسەر بەندەکانی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی ڕێکبکەون، سەرەتا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن (MOU) ڕادەگەیەنرێت، کە تێیدا جەخت لە کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکاندا دەکرێتەوە، لەوانەش لوبنان.

لە هەواڵەکەی تەسنیم دا ئاماژە بەوە کراوە، پێویستە ئیسرائیل، وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکا، کۆتایی بە شەڕ لە لوبنان بهێنێت.
دوای ئەوە، مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژ دیاری دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی پەیوەست بە گەمارۆی دەریایی و گەرووی هورمز، هاوکات لەگەڵ دیاریکردنی ماوەی ٦٠ ڕۆژ بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکان دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی.

هەروەها هاتووە" ئێران تاوەکو ئێستا هیچ ڕێکارێکی پەیوەست بە دۆسیەی ئەتۆمیی قبووڵ نەکردووە".

پێویستە لە قۆناغی یەکەمدا بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێن

" تەسنیم" باس لەوەش دەکات زانیارییە بڵاوکراوەکان دەربارەی وردەکاریی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی "ئەگەری" نێوان ئێران و ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئەم یاداشتنامەیە، دەبێت لە هەنگاوی یەکەمدا بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێن.

ئەو ئاژانسە ئەوەش دەخاتەڕوو، " بەهۆی ئەزموونە خراپەکانی پێشووی ئێران لە شکاندنی بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەر سەبارەت بە ئازادکردنی پارەکان، تاران جەختی کردووەتەوە کە هەر لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی (MOU) مەجرووتە (بەستراوەتەوە) بە ئازادکردنی لانیکەم بەشێک لەو داراییانە، بە جۆرێک کە وڵاتەکە بتوانێت دەستی پێیان بگات".

" زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا لە هەفتەکانی ڕابردوودا هەوڵی دەدا ئازادکردنی ئەم داراییانە ببەستێتەوە بە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی، بەڵام ئێران جەختی لەسەر پێویستیی ئازادکردنی بەشێکیان کردووەتەوە هەر لە یەکەم ساتەوەختی ڕاگەیاندنی لێکتێگەیشتنەکە.( ئاژانسی تەسنیم وادەڵێت).

هەروەها دەبێت میکانیزمی ئازادکردنی بەشەکەی تری لە کاتی دانوستانەکاندا دیاری بکرێت و ئەگەر ئەمریکییەکان جارێکی تر ڕێگری لە پرۆسەی ئازادکردنەکە بکەن، ئەوا ئێران چاو بە دانوستانەکانی داهاتوودا دەخشێنێتەوە.

دۆخی گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێش شەڕ

تەسنیم باس لەوە دەکات، زانیارییە بڵاوکراوەکان دەربارەی وردەکاریی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی "ئەگەری" نێوان ئێران و ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئەگەری ڕێککەوتن لەسەر ئەم یاداشتنامەیە، "دۆخی گەرووی هورمز" ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێش شەڕ هەبووە.

سەرباری ئەوەی هەندێک لە میدیا ڕۆژئاواییەکان ڕایانگەیاندووە کە دۆخی گەرووی هورمز لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا دەگەڕێتەوە بۆ پێش شەڕ، بەڵام ئەوەی لە یاداشتنامە ئەگەرییەکەدا هاتووە پەیوەندی بە گەڕانەوەی دۆخەکەی پێشووەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە گەڕانەوەی "ژمارەی ئەو کەشتیانەی تێدەپەڕن" هەیە بۆ ئەو ئاستەی پێش شەڕ هەبووە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا.

لە " تەسنیم "دا هاتووە، ئێران جەخت لەسەر پیادەکردنی مافی سەروەریی خۆی لە گەرووی هورمز بە شێوازی جیاواز دەکاتەوە، کە دواتر وردەکارییەکانی ڕادەگەیەنرێت.

هەروەها، دەبێت بەپێی لێکتێگەیشتنەکە گەمارۆی دەریایی لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بەتەواوی هەڵبگیرێت. ئەگەر گەمارۆی دەریایی هەڵنەگیرێت، ئەوا هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی گەرووی هورمزدا ڕوونادات.

جگە لەوەش، ئەنجامدانی هەر گۆڕانکارییەک لە جووڵەی تێپەڕبوون و کەشتیڕانی لە گەرووی هورمزدا، بە مەجرووتی (بەستراوە بە) جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی تری ئەمریکا دەمێنێتەوە کە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە.