ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێران لە ئێستا باسی دۆسیەی ئەتۆمی ناکات، بەڵکو سەرنجی تەواوی لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە باشترین چارەسەرە بە شێوازێک کە بەرژەوەندییەکانی وڵات بپارێزێت."

ئیسماعیل بەقایی، ئاماژەی بەوەش کرد "تاران خۆی کاتی وەڵامدانەوەی دوژمن دیاری دەکات وەک چۆن لە رابردوودا کردی،" جەختیشی کردەوە، گەرەنتی نییە بۆ پابەندبوونی واشنتن بە بەڵێنەکانیەوە، بەڵام تاران گوێ بە هەڕەشەکان نادات و تەنیا جەخت لەسەر بەرژەوەندییەکانی دەکاتەوە.

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش دا "ئەو گۆڕانکارییانەی لە هەفتەکانی رابردوودا روویاندا، لە ئەنجامی نێوەندگیری پاکستان و وڵاتانی دیکەوە بووە،"، روونیشی کردەوە "رێککەوتنەکە بڕگەیەکی تێدایە سەبارەت بە راگرتنی دەستدرێژییەکان بۆ سەر لوبنان."

ئەم بەرپرسە ئێرانییە ئەمریکای تۆمەبار کرد بەوەی کە "بەردەوام هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت، تەنانەت هەندێک جار لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت،"  دەشڵێت، وڵاتەکەی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر گەرووی هورمز بۆ دابینکردنی ئاسایشی گەرووەکە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان.

بەقایی باسی لەوەشکرد، "کەس ناتوانێت بڵێت کە ئێمە نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام لە هەندێک دۆسیەدا گەیشتووینەتە ئەنجام،" گوتیشی، ئەمە "بەم واتایە نییە کە واژۆکردنی رێککەوتنەکە نزیکە."