محەمەد باقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە رایگەیاند: "مەیدانی سەربازی و دیپلۆماسی و هەروەها ئەو گەلەی کە رژانە سەر شەقامەکان، لە رێگەی بەرگرییە قارەمانانەکانیانەوە پاشەکشەنەکردنیان لە هەڵوێستەکانیاندا سەلماندووە، و توانیویانە دوژمن تووشی سەرلێشێواوی و شکستی بکەن."
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێستا وڵاتەکەی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە، بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان لەم بوارەشدا بێهیوا بن.
روونیشیکردەوە، مەیدانی یەکڕیزی و تەبایی گۆڕەپانێکی دیکەی جەنگە، و ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ رێگریکردن لە هەر قسە یان کردارێک کە یەکڕیزی لاواز بکات، ئێران بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی دەبات.
لەلایەکی دیکەوە، لیوا عەلی عەبدوڵاھی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی سیستەمی نوێی بەرگری ئاسمانی دەخاتە خزمەتەوە، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ھێرشە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی "کاراتر".