جام کوردی - ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران ئەمڕۆ سێشەممە رایگه‌یاند، هیچ شوێنێکی ئارام بۆ بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نابێت، ده‌شڵێت، “47 ساڵ بەر لە ئێستا، گەلی موسڵمانی ئێران راپەڕی و رژێمی دیکتاتۆری و بەکرێگیراوی تاغوتی روخاند”.

رێبەری باڵای ئێران لە پەیامێکدا بۆ حاجیانی ماڵی خودا رایگەیاند؛ دڵسۆزانە بانگهێشتی هەموو وڵاتان و حکومەتە ئیسلامییەکان دەکەم بۆ دۆستایەتی و هاوکاری لەپێناو چاکە، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە کاربکەین بۆ پێشخستنی ئومەتی ئیسلامی و چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهانی ئیسلامی.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە؛ دەستی زەمان ناگەڕێتەوە دواوە و نەتەوە و خاکەکانی ناوچەکە چیتر قەڵغانی بنکە ئەمریکییەکان نابن. ئەمە جگە لەوەی کە چیتر پەناگەیەکی ئارام بۆ خراپەکاری و دامەزراندنی بنکەی سەربازی لە ناوچەکەدا نەماوە، ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێگەی پێشووی ئەمریکا دوور دەکەوێتەوە. ڕژێمی لەرزۆک و شێرپەنجەیی زایۆنیستیش لە قۆناغە کۆتاییەکانی ژیانی بەدبەختی خۆی نزیک دەبێتەوە و بە فەزڵی خودا و بەگوێرەی قسەی یەکلاکەرەوە و پێشکەوتووانەی ڕێبەری شەهید، ١٠ ساڵ لەمەوبەر، ان شاءاللە ٢٥ ساڵ دوای ئەوە مێژوو نابینێت.