لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەدا، ئەمریکا پابەند دەبێت بەوەی سەرجەم هێزە سەربازییەکانی لە سنوورەکانی ئێران دوور بخاتەوە و کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی سەر ئەو وڵاتە بهێنێت. تارانیش لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا، بەڵێنی داوە لە ماوەی تەنیا یەک مانگدا، هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە نەوتییەکان لە گەرووی هورمز بۆ ئاستی پێش دەستپێکردنی شەڕ بگەڕێنێتەوە.
ئەگەر هەردوولا لە ماوەی 60 ڕۆژدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەوا یاداشتنامەکە لە ڕێگەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەبێتە فەرمی.
ئەم گفتوگۆیانە کە بە نێوەندگیریی پاکستان بەڕێوە دەچن، مەرجێکی توندی ئێرانیان لەسەرە؛ تاران ڕایگەیاندووە تاوەکو میکانیزمێکی ڕوون بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا دانەنرێت، هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانێن. ئێران داوای گەرەنتی دەکات کە واشنتن بە تەواوی پابەندی مەرجەکانی ناو ڕێککەوتنەکە بێت.