وێستگەی یەکەم؛ لە سلێمانییەوە بۆ کرماشان
شاندی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە (٢٦-٥-٢٠٢٦) لە شاری سلێمانییەوە بەڕێکەوتن و لە ڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە گەیشتنە یەکەم وێستگەی گەشتەکەیان کە شاری کرماشان بوو.
لە ڕۆژی دووەمی گەشتەکەدا، شاندە میدیاییەکە سەردانی گەڕەکی (شەریعە)ی شاری کرماشانیان کرد. لەوێدا، ڕۆژنامەنووسان بە نێو ماڵ و کۆڵانە ڕووخاوەکاندا گەڕان و لە نزیکەوە دیمانە و گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاووڵاتیان و شایەتحاڵانی ڕووداوەکان ئەنجامدا، تا قەبارەی ڕاستەقینەی زیانە مرۆیی و ماددییەکان بۆ ڕای گشتی بگوازنەوە.
گێڕانەوەی شایەتحاڵێک لە ژێر داروپەردووی بۆردومانەکەدا
(سەجاد خەزائی)، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەی شەریعە، لە کاتی بەسەرکردنەوەی گەڕەکەکەیاندا، لە ناخەوە و بە دڵێکی پڕەوە یادەوەرییە تاڵەکانی ئەو ساتەی بۆ پەیامنێران گێڕایەوە و وتی:
"کاتێک بۆردومانی گەڕەکەکەمان کرا لە کرماشان، من سەرقاڵی نانخواردن بووم. بۆردومانەکە هێندە سەخت بوو، بۆ جاری دووەم ڕاستەوخۆ لە ماڵەکەی خۆمی دا و زیانێکی یەکجار زۆری پێگەیاندین."
سەجاد، کاتێک ئاماژەی بە شوێنی ڕووخانی خانووەکان دەکرد، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە وتی:
"ئەو ڕۆژە ناخۆشە، من بە دەستی خۆم چەندین تەرمی شەهید و بریندارم لە ژێر داروپەردوو و کۆنکرێتە ڕووخاوەکاندا دەرهێنا، کە هەموویان منداڵ، ژن و پیاوی بێتاوان بوون. ژمارەیەکی یەکجار زۆری خەڵکی مەدەنیش بە سەختی بریندار بوون."
"ئەوان دژی مرۆڤایەتی و ژیانن"
ئەم هاووڵاتییە کرماشانییە، لە کاتی گێڕانەوەی ڕووداوەکەدا، کاتێک بیری لە دیمەنە تراژیدییەکان دەکردەوە، بە تووڕەیی و خەمەوە ڕەخنەی توندی ئاراستەی هێرشکاران کرد و وتی:
"لێرە ئەمریکای کافر دەستی نەپاراست لە خەڵکی بێتاوان. ئەمریکا و ئیسرائیل مرۆڤ نین، چونکە ئەوان بە کردەوە سەلماندوویانە کە دژی مرۆڤ، دژی ژیان، دژی کولتوور و ئاوەدانین. ئەم شوێنەی بۆردومانیان کردووە تەنها جێگەی خەڵکی ئاساییە و هیچ بنکەیەکی سەربازی لێ نییە، لێرە تەنها خەڵکی هەژار، کاسبکار و بێتاوان دەژین کە هیچ تاوانێکیان نییە."
ئەم گەشتە مەیدانییەی تۆڕی میدیایی جام کوردی بۆ ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، تا لە وێستگەکانی داهاتوودا ڕاستی و دەرئەنجامە مرۆییەکانی ئەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکە لە زمانەوانی هاووڵاتیانی زیانلێکەوتووەوە بگەیەننە جیهان.