لەم چوارچێوەیەدا و لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا، شەوی ڕابردوو ٢٩-٥-٢٠٢٦، تیمی ئاژانسی جام کوردی توانی بگاتە یەکێک لە هەستیارترین ناوچەکانی پایتەختی ئەو وڵاتە.
تیمی ڕاگەیاندنی ئاژانسی (جام کوردی) بە سەرپەرشتی (ڕەزا ڕەحمەتیان) و پەیامنێری کەناڵە جیا جیاکان، لە درێژەی کارە مەیدانییەکانیاندا لە تاران، وەک یەکەمین تیمی میدیایی دەرەوەی وڵات توانیان بچنە ناوچەی (بیت ڕەهبەری)، کە شوێنی نیشتەجێبوون و بەڕێوەبردنی کاروباری فەرمی و مێژوویی ڕابەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێرانە بووە.
رەزا رەحمەتیان لە دڵی شوێنەکەوە ڕاپۆرتەکەی گواستەوە و ڕایگەیاند:
"ئەوەی لەم کارە مەیدانی و میدیاسیەدا گرنگ و جێی سەرنجی تەواوە، ئەوەیە کە ئێمە وەک یەکەمین تیمی ڕاگەیاندنی دەرەوەی ئێران و تەنانەت لەسەر ئاستی ناوخۆش، توانیومانە مۆڵەتی فەرمی بەدەستبهێنین و بگەینە ئەم ناوچە ئەمنییە هەستیارە تا لە نزیکەوە دۆخەکە بۆ بینەران و خوێنەرانمان بگوازینەوە."
وتیشی ئەم سەردانە تایبەتەی تیمە میدیاییەکەی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدایە.
سەرپەرشتیاری تیمە میدییاییەکەی پەیامنێرانی هەرێم لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە پێگەی جەماوەری و ڕوحیی ئەم شوێنە کرد بۆ لایەنگرانی حکومەت و ڕایگەیاند:
"لێرە و لە پشت سەری ئێمەوە، ماڵی جەنابی سەید عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەکەوێتە شەقامی (جمهوری) لە گەڕەکی (کیشوەر دۆست). ئەم ناوچەیە کە بە 'بیت ڕەهبەری' دەناسرێت، ئێستا وەک نەزەرگەیەکی لێهاتووە و شەوانە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە هاووڵاتیان و دڵسۆزانیان بەبەردەوامی سەردانی دەکەن بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و وەفاداری خۆیان لەم قۆناغەدا."
ئەم دەرکەوتنە مەیدانییەی نوێنەری کەناڵەکانی هەرێمی کوردستان لە تاران، سەرکەوتنێکی تری میدیایی تیمی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستانە کە توانیویانە لە کاتی گەرمەی ڕووداوەکاندا، لە شوێنی بڕیار و ڕووداوە سەرەکییەکانەوە ڕاستییەکان بگوازنەوە.