مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند: عێراق خۆی لە بەردەم ئاڵنگارییەکی دووسەرەدا دەبینێتەوە، لە لایەکەوە چۆنیەتیی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2026 لە ناوەڕاستی پشێوییەکی هەرێمیدا کە هەڕەشە لە هەناردەی نەوتەکەی دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە پاراستنی سەقامگیریی دارایی لە ناوخۆی وڵاتدا.
دەشڵێت: سەرەڕای ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان بۆ سەر جووڵەی دەریاوانی و وزە لە گەرووی هورمز، لە رووی دەستووری و سیاسییەوە هێشتا دەرفەتی داڕشتنی بودجەی 2026 لە ئارادایە.
باسی لەوەشکرد: “کە بودجەی 2026 دەبێتە یەکێک لە هەستیارترین و ئاڵۆزترین بودجەکان لە مێژووی نوێی دارایی عێراقدا، بەهۆی پەیوەندیی ئۆرگانیی نێوان ئابووریی عێراق و بازاڕەکانی نەوتی جیهانی”.