گەشتی شاندی میدیاکاران و پەیامنێرانی کەناڵە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٦ی پێنجی ٢٠٢٦ لە شاری سلێمانییەوە بەرەو مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان و لەوێشەوە بۆ پارێزگای کرماشان بەڕێکەوتن.

​وێستگەی یەکەم: کرماشان؛ خۆڕاگری لە هێڵی پێشەوەی سنوور

​شاندی میدیایی هەرێمی کوردستان لە یەکەم وێستگەی گەشتەکەیاندا لە پارێزگای کرماشانی هاوسنوور، سەردانی ئەو گەڕەک و ناوچە مەدەنییانەیان کرد کە کەوتبوونە بەر هێرشی مووشەکی و ئاسمانی بێبەزەییانەی هێزەکانی ئەمریکا.

ئەوە بوو لە نزیکەوە گفتوگۆ لەگەڵ شایەتحاڵان، برینداران و کەسوکاری شەهیدانی ڕووداوەکان ئەنجامدرا. سەرجەم شایەتحاڵەکان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم شوێنانە تەنها گەڕەکی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی سڤیل بوون و هیچ بنکەیەکی سەربازییان لێ نەبووە، بەڵام دوژمنی داگیرکەر بە ئامانجی دروستکردنی ترس، ژنان، منداڵان و هاوڵاتیانی بێتاوانی کردووەتە ئامانجی تاوانەکانی.

​لە پەراوێزی ئەم سەردانەدا، شاندە میدیاییەکە لەگەڵ بەرپرسانی ناوخۆیی پارێزگاکە، لەوانە جێگری پارێزگاری کرماشان کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پێوەندییە بازرگانییەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی سەر سنوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا. جێگری پارێزگار وێڕای پێشکەشکردنی بەڵێن بۆ چارەسەری خێرای کێشەکان، مژدەی ئەوەی بە هاوڵاتیانی هەردوو لا دا کە سەرەڕای توندی بۆردومان و دۆخی جەنگ، دەروازە سنوورییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە کراوەیی ماونەتەوە. هەروەها ڕایگەیاند کە ڕێکارەکان بۆ فەرمیکردنی مەرزێکی نوێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.

​وێستگەی دووەم: تاران؛ هاوسۆزی لەگەڵ پێشەوای شۆڕش و ڕەتکردنەوەی ئیستیکبار.

​لە ڕۆژی دووه‌می گەشتەکەدا، شاندی ڕاگەیاندکاران گەیشتنە تارانی پایتەخت و سەردانی ئەو شوێنە مەدەنییانەیان کرد کە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سێگۆشەی شووم (ئەمریکا و زایۆنیزم) بۆردومان کرابوون، کە جارێکی تر سەلمێنەری ڕقی ئەوان بوو بەرامبەر بە گەلی خۆڕاگری ئێران.

​یەکێک لە کاتە پڕ لە سۆز و حماسییەکانی ئەم گەشتە، سەردانیکردنی بارەگا و شوێنی نیشتەجێبوونی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی بوو. میدیاکاران لە نزیکەوە شایەتی کۆبوونەوەی لێشاوی ئەو هاوڵاتییە دڵسۆزانە بوون کە بە تامەزرۆییەوە ڕوویان لە ئاسەوار و دیوارە ڕووخاوەکانی مانەوەی ڕێبەرەکەیان کردبوو (کە ببووە هێمای شەهادەتخوازی و پیرۆزی). هاوڵاتیان بە چاوی پڕ لە فرمێسک و بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە بە پەیامنێرانیان ڕاگەیاند:

​"ئەگەرچی دوژمن وا بیردەکاتەوە کە شوێنی ڕێبەرەکەمان لێرە چۆڵە، بەڵام ئێمە هەموان ئامادەین و لە جێگەی ئەوین؛ ئەم شوێنە بۆ هەمیشە وەک نەزەرگەیەکی پیرۆزی خۆڕاگری لە دڵماندا دەمێنێتەوە."

​لە درێژەی گەشتەکەدا و لە شەوی سێیەمدا، پەیامنێران سەردانی شەقامی مێژوویی "ئینقڵاب"یان کرد. شەقامەکە پڕ بوو لە جەماوەری ناڕازی کە بە دروشمی دژە ئەمریکا و دژە ئیسرائیل، پشتیوانی بێمەرجی خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی و هێزە بەرگریکارەکان دووپات دەکردەوە، لە کاتێکدا هێشتا گفتوگۆ سیاسییە نێودەوڵەتییەکان بێ ئەنجام بوون.

​کۆتایی گەشتەکە:

تاقوەسان هێمای دەسەڵاتێکی دێرین و نەبەزیو

​پێش گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان، شاندی میدیایی سەردانی ناوچە مێژوویی و گەشتیارییەکانی کرماشانیان کرد، لەوانە شوێنەواری دێرینی "تاقوەسان" کە وەک ڕەمزی ڕەسەنایەتی، هێز و مێژووی چەند هەزار ساڵەی گەلانی ئێران خۆی دەنوێنێت.

​ئەم گەشتە سێ ڕۆژەیە بۆ پەیامنێرانی هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ناسینی ڕاستییەکان لە نزیکەوە. بۆیان ڕوونبووەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها سیستەمێکی سیاسی نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی جەماوەری ڕەسەنە کە لە قووڵایی گەلەوە سەرچاوەی گرتووە. بەرگری و خۆڕاگری ئێران، بەرگرییە لە کەرامەتی تەواوی ناوچەکە لە دژی داگیرکەرانی ڕۆژاوایی کە ساڵانێکە چاویان بڕیوەتە سەروەت و سامانی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

​پەیامنێران توانیان دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی گەلی ئێران بگەیەننە جیهانی دەرەوە و بیسەلمێنن کە تەواوی ئەو پڕوپاگەندانەی میدیا ڕوژاواییەکان بڵاوی دەکەنەوە دوورن لە ڕاستییەوە؛ گەل و سەرکردایەتی لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا وەک یەک جەستەی بەهێز و دوو ڕۆح لە یەک قالبدان، کە هیچ هێزێکی داگیرکەر ناتوانێت لێکیان جیا بکاتەوە یان پاشەکشەیان پێ بکات.