وڵاتانی کەنداو و لە سەرووشیانەوە سعودیە، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە خۆگونجاندن هەیە لەگەڵ ئێرانێکی بەهێزتر، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل نەیانتوانی ئامانجی خۆیان لە گۆڕینی ڕژێمی تاران بەدیبهێنن و بەرنامە ئەتۆمییەکەشی لەناو نەچوو، بەڵکو پێگەی تاران لە ناوچەکە و دەسەڵاتی بەسەر گەرووی هورمزدا بەهێزتر بوو.

لە کاتێکدا ئیمارات باسی لە هێرشێکی درۆن بۆ سەر پێگەیەکی ئەتۆمی کرد و سعودیەش ئاماژەی بە هێرشێک دا کە لە عێراقەوە هاتووە، تاران هۆشداریی دا لە وەشاندنی هێرشی فراوان بۆ سەر ئیسرائیل و کەنداو ئەگەر ئەمریکا ئۆپەراسیۆنەکانی دەستپێبکاتەوە.

 لە لایەکی ترەوە، تاران مەرجی قورسی وەک ناونووسینی پێشوەختە و پێدانی ڕسووماتی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز داناوە، واشنتۆنیش بە سەپاندنی کۆتوبەند  بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا وەڵامی دایەوە. 

بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بەم گەرووە، سعودیە هێڵی بۆرییەکانی بەرەو دەریای سوور فراوان دەکات، ئیمارات پلان بۆ بۆرییەکی نوێ بەرەو بەندەری فجێره دادەنێت، و عێراقیش دەستی بە پڕۆژەی هێڵێکی بۆری نزیكەی 700 کیلۆمەتری کردووە بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ باکووری ڕۆژاوای وڵات و پاشان بۆ سووریا، ئوردن و تورکیا.

هاوکات سعودیە سەرکردایەتیی دەستپێشخەرییەکی هەرێمیی دەکات کە لە ڕێککەوتننامەی هێلسینکی 1975 وەرگیراوە بۆ پێکەوەژیانی هێزە ڕکابەرەکان، کە پاڵپشتی ئەورووپا و ئێرانی بەدەستهێناوە بەڵام هەڵوێستی ئەمریکا و ئیسرائیل لێی ڕوون نییە. 
ئەم هەنگاوانە پاشەکشەی ڕۆڵی ئەمریکا و گومانی هاوپەیمانەکان لە توانای واشنتۆن بۆ پاراستنیان نیشان دەدەن.

 لەگەڵ ئەوەشدا، وڵاتانی عەرەبی یەکدەنگ نین؛ ئیمارات هەڵوێستێکی توندتری هەیە و لەگەڵ سعودیە لە کاتی شەڕدا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ناوخۆی ئێران، لە کاتێکدا قەتەر و عومان زیاتر مەیلیان بەرەو ڕێگای دیپلۆماسی هەیە.