پێشڕەو بابەشێخ خاوەنی ماستەر لەسەر هەرێمی کوردستان لە نێوان هەژمونی پارتە سیاسیەکان و دەسەڵاتی دام و دەزگاکاندا لە درێژەی گفتوگۆکەیدا ئاماژەی بە هەردوو حزبی فەرمانڕەوا کردوو وتی: ئەو دوو حیزبە چاک لەو ڕاستییە تێگەیشتوون کە هیچ کامێکیان بە تەنها توانای پێکهێنانی کابینەیەکی گشتگیر و تەواویان نییە، مەگەر تەنها بنکەیەکی لۆکاڵی یان «نیوە حکومەتێک» دروست بکەن، بۆیە تەواوی ئەو جوڵە و دەنگۆیانەی ئێستا لە ئارادان، تەنها وەک شەڕێکی ڕاگەیاندنی و هاشوهوش دەبینرێن بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان.

​ئەم چەقبەستووییە سیاسییە لە کاتێکدایە کە مێژووی فەرمانڕەوایی لە هەرێمدا نیشانی دەدات کە ئەم دوو هێزە لە ساڵی ١٩٩٢ و لە کاتی داڕشتنی یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، نەیانتوانی بە تەنها دەسەڵات بگرنە دەست و بناغەی یەکەم کابینەیان لەسەر بنەمای پشککاریی «پەنجا بە پەنجا» دانا. لەو سەردەمەدا، پێنج کورسییەکەی پێکهاتەی کلدوئاشووری وەک تاکە فراکسیۆنی یەکلاکەرەوە، دەیانتوانی بە چوونە پاڵ بەرەی زەردی پارتی یان سەوزی یەکێتی، حکومەتێکی یەک حزبی پێکبهێنن، بەڵام ئەوان دڵسۆزانەتر و واقیعیانەتر دۆخەکەیان خوێندەوە و ئامادەنەبوون ببنە پاڵپشتی تەنها یەک جەمسەر، مەگەر ئەوەی هەردوو حزبەکە پێکەوە بن.

​ئێستاش دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر ئەو ئەزموونەدا، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەڵام بە شێوازێکی زۆر خراپتر لە ساڵی ١٩٩٢؛ چونکە سەرەڕای گۆڕانی قۆناغەکە و جیاوازیی قورسی دۆخە سیاسی و ئابوورییەکە، هەردوو حزبەکە هێشتا لە ناو بازنەی خۆخۆری و ململانێی بەرتەسکی حزبییدا ماونەتەوە و کارەکانیان بە تەواوی دوورە لە بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان.