لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ پەیامنێری جام کوردی کاروان ساڵح شیکەرەوەی سیاسی وتی:
ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هاوکێشەی سیاسی و دابەشبوونی هێز لە هەرێمی کوردستاندا دروست کردووە؛ بە جۆرێک پێگەی یەکێتی لە بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەهێزتر کردووە و هاوسەنگییەکی نوێی هێناوەتە کایەوە کە تێیدا داوای هاوبەشیی ڕاستەقینە و "نیوە بە نیوە" لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا دەکرێت.
کاروان ساڵح، لە هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ "جام کوردی" تیشکی خستە سەر کاریگەرییەکانی ئەم ڕێککەوتنە لەسەر گۆڕینی هاوسەنگی هێز و ئەو تەحەددیانەی ڕووبەڕووی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەبنەوە.
کاروان ساڵح لە بەشێکی تری گفتوگۆکەدا وتی: دوای پاشەکشەی دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و کەمبوونی کورسییەکانی یەکێتی لە خولەکانی ڕابردوودا، پارتی دیموکراتی کوردستان توانیبووی زۆربەی پۆستە سەرەکی و سیادییەکانی هەرێم (وەک سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت و وەزارەتە گرنگەکان) بۆ خۆی قۆرخ بکات. پشتبەستن بەم باڵادەستییە، پارتی وەک بڕیاردەری سەرەکی لە هەرێمدا ڕەفتاری دەکرد.
ئەم دۆخە نوێیە دوای پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ٥١ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیدا گۆڕانی بەسەردا هات، کە تێیدا پەیامێکی ڕوونی ئاڕاستەی گەلی کورد و ناوبژیوانی پرۆسەی سیاسی کرد سەبارەت بە ئایندەی حوکمڕانی لە هەرێم وتی: خاڵی وەرچەرخانی ئێستا هاوپەیمانی یان هاوئاهەنگی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێیە.
هروەها کاروان ساڵح ئاماژە بەوە دەکات کە:
بەرەی یەکێتی و نەوەی نوێ: پێکەوە خاوەنی ٣٩ کورسی پەرلەمانین.
پارتی دیموکراتی کوردستان: ئەمیش بە تەنیا خاوەنی ٣٩ کورسییە.
ئەم یەکسانبوونە لە ژمارەی کورسییەکاندا، باڵانسی هێزی لە نێوان "زۆنی سەوز" و "زۆنی زەرد"دا هاوسەنگ کردووەتەوە. لەم سۆنگەیەوە، یەکێتی ڕێککەوتنە کۆنەکانی پێشوو لەگەڵ پارتی بە بەسەرچوو دەزانێت ــ بەتایبەت دوای ئەوەی پارتی لە بەغداد هەوڵی دا پۆستی سەرۆک کۆمار کە پشکی مێژوویی یەکێتی بوو وەربگرێت و ناسەقامگیری لە پێوەندییەکانیاندا دروست کرد ــ و ئێستا یەکێتی داوای بەشداریکردنی ڕاستەقینە و هاوسەنگ (نیوە بە نیوە) دەکات لە حکومەتی داهاتوودا.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا بۆ جام کوردی، کاروان ساڵح هۆشداری دا لە هەر هەنگاوێکی تاکلایەنەی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ ڕەزامەندی بەرەی یەکێتی و نەوەی نوێ و ڕایگەیاند:
"ئەگەر بڕیارێکی لەو شێوەیە لە هەولێر بدرێت، ئەو پەرلەمانە ناتوانێت بڕیارەکانی بەسەر زۆنی سەوزدا بسەپێنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی جودایی و دابەشبوونی قووڵ لە نێوان زۆنی سەوز و زۆرد و ناسەقامگیرییەکی گەورە لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا دەقەومێنێت."
لە کۆتاییدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ناسەقامگیری و ناڕوونییە ناوخۆییە، پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی عێراقدا لاواز دەکات؛ دەرەنجام باڵانسی هێزی هەرێم کەم دەبێتەوە و ڕێگا خۆش دەکات بۆ ئەوەی بەغداد بە ئاسانی بڕیار و ویستەکانی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستاندا بچەسپێنێت.