​لە شیکارییەکدا بۆ میدیای جـــام کـــوردی شێخ دارا شێخ فەرەج تیشکی خستە سەر مێژووی دابەشبوونی دەسەڵات و هۆکارەکانی گۆڕانی هاوکێشەی ئێستاو وتی:

​لە ساڵی ١٩٩٢ و بەتایبەت لە دوای ساڵی ٢٠٠٥، پارتی دیموکراتی کوردستان توانیبووی زۆربەی جومگە گرنگەکانی دەسەڵات لە ڕێژەی ٦٠% بۆ ٧٠% بەدەستەوە بگرێت. لەو ماوەیەدا پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت لە لایەن پارتییەوە بەڕێوە دەبران، تەنیا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ نەبێت کە بۆ ماوەیەکی کورت گۆڕانکاریی تێدا کرا.

​لە ڕابردوودا یەکێتی بەهۆی کەمبوونەوەی کورسییەکانی، خاوەنی باڵانسی هێزی ڕاستەقینە نەبوو لە بەرامبەر پارتیدا، تەنیا پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەبێت کە بە شێوازی خولی (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) یان چوار ساڵ جارێک دەگۆڕدرا.

​لە درێژەی شیکارییەکەدا شێخ دارا وتی: ​ئێستا دۆخەکە بە تەواوی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن:

​بەرەی یەکێتی (لەگەڵ نەوەی نوێ): خاوەنی ٣٩ کورسین،

​پارتی دیموکراتی کوردستانیش ژمارەی کورسییەکانی کەمی کردووەو هاوشانی یەکێتیەو خاوەنی ٣٩ کورسییە.

​ئەم یەکسانبوونە لە ژمارەی کورسییەکاندا، بەپێی شیکردنەوەکە، شەرعیەت دەداتە داواکارییەکەی یەکێتی بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بە شێوازی یەکسان (٥٠% بە ٥٠%)،

ئەمەش وەک وەفادارییەک بۆ خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیانی ناوچەکە دەبینرێت.

بەم شێوەیە، ئەگەر پێشتر لە کۆی ١٠ نوێنەرایەتی دەرەوە ٨ پۆستی لای پارتی بووبێت، ئێستا دەبێت بکرێتە پێنج بە پێنج.

پۆستی سەرۆکایەتیەکانی هەرێم و حکومەتیش دەبێ هاوشێوەی سەرۆکی پەرلەمان بە شێوازی دوو ساڵ بە دوو ساڵ بەڕێوە بچێت.

ئەم نەخشە نوێیەی حوکمڕانی وەک تەنها ڕێگاچارە دەبینرێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی و ڕێگریکردن لە تاکڕەوی لە هەرێمی کوردستاندا.