پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەکەی بە ئایەتێکی قورئانی پیرۆز دەستپێکردووە کە دەفەرموێت: “ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە! ئەگەر کەسێکی بەدکار و تاوانبار (فاسق) هەواڵێکی بۆ هێنان، دەستبەجێ باوەڕی پێ مەکەن و لێی بکۆڵنەوە و ڕاستی و دروستییەکەی دڵنیا ببنەوە؛ نەوەکو لەنەزانینەوە زیان بە کۆمەڵێک خەڵک بگەیەنن و (توشی نەهامەتییان بکەن)، لەسەر ئەو کارەیش کە کردووتانە پەشیمان ببنەوە”.

وەزارەتی دارایی ڕەتیدەکاتەوە کە پێشتر ڕایانگەیاندبێت داهاتی مانگانەی ناوخۆ 400 ملیار دینار بووبێت و دەڵێت: “ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ کات وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاونەکردووەتەوە، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەکات”.

هەروەها دەڵێت: “بەخشتەیەک داهاتی ناوخۆی حەوت ساڵی ڕابردوو دەخەینەڕوو کە مانگانە لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە تۆمار کراوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وردبینی بۆ کراوە و وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ ڕەخنەیەکی لێی نەبووە”.

سەبارەت بە داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش وەزارەتی دارایی ڕەتیدەکاتەوە داهاتی خاڵە سنوورییەکان مانگانە لە 140 ملیار دینارەوە بووبێت و ئێستا بووبێت بە 40 ملیار و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “داهاتی خاڵەسنوورییەکانیش هاوشێوەی داهاتەکانی تر بەردەوام لەگۆڕاندایە، لە ڕابردوو هەر ژمارەیەک بووبێت لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە دەرکەوتووە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان لە گومرگ و دەروازەکان وردبینیان کردووە و ژمارەکانیان لە بەردەست بووە، وەهیچ لایەنێکی فەرمی و یاسایی ڕەخنەیان لێی نەبووە”.

ڕاشیگەیاند، “بۆ هەموو ئەوانەی داتاو زانیاری ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، لامان سەیرە ئەو بەڕێزانە تا ئێستا ئاگاداری دۆخ و فشار و ئابڵوقەی سەر هەرێم نین، هەروەک ئەوەی لێرە نەژین، لە هەموو بوارەکانی باج و گومرگ و بیمە و هتد….کە فشارێکی ئابووری و بازرگانی توندی لەسەر هەرێم داناوە”.

وەزارەتی دارایی دەڵێت: “سەرباری شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە کاریگەریەکانی گەیشتووەتە سەرتاسەری دنیا و کاریگەری ڕاستەوخۆشی لەسەر عێراق کردووە، بە چ لۆژیکێک کاریگەری لەسەر هەرێم جێناهێڵێت؟”.

ئەوەشی ختووەتەڕوو کە ڕاستیەکە ئەوەیە “هەروەک بەپێی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە دەرکەوتووە بەنزیکەیی لە ٧٠٪ داهات کەمبووەتەوە”.

لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی داراییدا ئاماژە بە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئاوات شێخ جەناب دەکات کە باسی لە داهاتی هاتووچۆ کردووە و و دەڵێت: “سەرباری ئەوەی سەرچاوەی زانیارییەکانی لای ئێمە ڕوون نییە و وەزارەتی دارایی / ژمێرکاری لێی بەرپرس نییە، ژمارەکە هەرچەندێک بێت مانای ئەوە نییە ئەوە داهاتی کۆتاییە و دەچێتە خەزێنەی گشتییەوە، بەڵکو بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان وەزارەتی ناوخۆ و چەند وەزارەتێكی تر بەشێک لە داهاتیان بۆ خۆیان دەبێت ( بۆ پێداویستیەکانیان بەپێی تایبەتمەندییان) ، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو ڕێژەیە دەبێتە داهاتی کۆتایی”.