سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی دادگا لە ڕێگەی ئینتەرپۆلەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ هەریەک لە محەمەد عەبدوڵا و حەسەن عەبدوڵا نەجاڕ دەرکردووە، بەمەبەستی هێنانەوەیان بۆ عێراق و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان. لە هەمان کاتیشدا دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک تۆمەتباری دیکە دەرکردووە، هاوکات بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی بەشێک لە لێکۆڵینەوەلەگەڵکراوەکانی داوە، تا یەکلابوونەوەی دۆسیەکە.
یەکێک لە دیارترین ئەو پڕۆژانەی لەم دۆسیەیەدا لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت، پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆرییە لە پاڵاوگەی گەیارە. بەپێی خەمڵاندنە هونەرییەکان، تێچووی ڕاستەقینەی پڕۆژەکە تەنها یەک ملیار دینار بووە، بەڵام بە بڕی ١٥ ملیار دینار ڕادەستی کۆمپانیاکان کراوە. بە وتەی شارەزایانی ئابووریش، ئەو جیاوازییە گەورەیەی تێچووی پڕۆژە ستراتیژییەکان بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ بوونی گەندەڵی و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی توند و وردبینی دارایی هەیە.