ڕۆژی هەینی 5ی حوزەیران – هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژینگە، هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر بەهێزکردنی هەوڵەکانی پاراستنی ژینگە کردەوە و چەندین بڕیار و ڕێوشوێنی نوێی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان جێبەجێ کردووە. سەنعان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیارکردنەوە لە دەستەی ژینگە ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە و توانیویەتی پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی لە بواری پاراستنی ژینگەدا بەهێزتر بکات. بەگوتەی ئەو، بەهۆی چاودێریی توندی کارگە و پاڵاوگەکان، ئاستی پیسبوونی هەوا کەم بووەتەوە و ناوی هەولێر لە ڕیزی پیسترین شارەکانی جیهان دەرهێنراوە. هەروەها لە بواری سەرچاوە ئاوەکاندا، بە دروستکردنی چەندین پۆند و بەنداو توانراوە نزیکەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاو هەڵبگیرێت. بۆ پاراستنی خاکیش مەرجی نوێ بۆ پڕۆژە و کارگەکان دانراوە کە بەپێی ئەوە 25%ـی ڕووبەری شوێنی کارەکانیان دەبێت بکرێتە سەوزایی، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی کارگەی ڕیسایکلینگ بەردەوامن. لە هەمان کاتدا، وەزارەتی ناوخۆ لە مانگی ڕابردوودا نۆ بڕیاری گرنگی بۆ پاراستنی ژینگە دەرکردووە و هاووڵاتیانیش بەشداریی زیاتر لەم پڕۆسەیەدا دەکەن. بەپێی ڕێنماییەکان، داوا لە هاووڵاتیان کراوە هەر سەرپێچییەک لە پیسکردنی ژینگە بە وێنە یان ڤیدیۆ تۆمار بکەن، هەروەها سزایەکی دارایی بە بڕی 40 هەزار دینار بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە ئۆتۆمبێلەکانەوە دیاری کراوە.
هەرێمی کوردستان بە هەنگاوە گەورەکانی پاراستنی ژینگە، پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی بەرز دەکاتەوە
جام کوردی - لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، هەرێمی کوردستان هەنگاوە نوێیەکانی بۆ پاراستنی ژینگە دەخاتە ڕوو؛ هەوای هەولێر پاکتر بووەتەوە، 10 ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە و سزای دارایی توند بۆ پیسکردنی شەقامەکان دانراوە.
5 کاتژمێر لەمەوبەر