ئەمڕۆ هەینی ٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، کێشەی دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان هێشتا چارەسەر نەکراوە. تا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار وادەیەکی فەرمی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج ڕانەگەیاندووە، لە کاتێکدا ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست بە نزیکەیی دەگاتە ٤٢ هەزار کەس .

سەرەڕای ئەوەی بودجەی مووچەی ئەم گرووپە لە داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم دابین دەکرێت و پێویستی بە چاوەڕوانیکردنی پارەی نێردراو لە بەغدا نییە، بەڵام هەموو مانگێک پرۆسەی پێدانی مووچەکانیان بە هۆکاری جۆراوجۆر دوا دەخرێت. مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست داوای خێراکردنی دابەشکردنی مووچەکانیان دەکەن، بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی بارودۆخی ژیانی و ئابووری. هێشتاش ڕوون نییە کە مووچەی مانگی پێنج کەی دابەش دەکرێت و ئەم دواکەوتنە تا کەی بەردەوام دەبێت.