جام کوردی - وەزیری ناوخۆی پاکستان بە ئاماژەدان بە پێوەندی برایەتی نێوان ئێران و ئەو وڵاتە، ڕێککەوتنی دوو وڵاتی بۆ زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی ئابووری بۆ ١٠ ملیار دۆلار ڕاگەیاند و وتی: ڕۆڵی کارای وڵاتی دۆست و برای پاکستان لە نێوەندگیری بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرز دەنرخێنم.
وەزیری ناوخۆی ئێران، ئەسکەندەر مۆمەنی شەوی شەممە لە کۆتایی دیدارەکەی لەگەڵ سەید موحسین نەقوی وەزیری ناوخۆی پاکستان ڕایگەیاند: پاکستان وڵاتێکی زۆر گەورەیە و مێژوویەکی ئایینی و کولتووری و هاوبەشی زۆرمان لەگەڵ یەکتردا هەیە. پاکستان دۆست و برا و دراوسێمانە. هەروەها ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی لە یەکەم پەیامی خۆیدا ئاماژەی بە هاوبەشییە کولتووری و مێژووییەکانی دوو وڵات کرد.
ناوبراو بە ئاماژە بە قەبارەی زۆری ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوو وڵات وتی: بەشێک لە سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی پاکستان تایبەتە بە پرسە دوو قۆڵییەکان لەوانە ئاسایشی سنوورەکان و شەڕی ماددە هۆشبەرەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
مۆمەنی ئاماژەی بەوەشکرد: بڕیاری باشیش لە بواری ئابوریدا درا و بڕیاردرا قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە سێ ملیار دۆلارەوە بۆ ساڵانە بۆ 10 ملیار دۆلار زیادبکرێت. بێگومان ئەم ئامانجە بە هاوکاری وەزارەتەکانی تری ئەو دوو وڵاتە مومکین دەبێت.
وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند کە لە بیشکێک، شوێنی کۆبوونەوەی وەزیرانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای، هەڵوێستی دوو وڵات زۆر نزیک بوون و وتیشی: ڕۆڵی کارای وڵاتی دۆست و برای پاکستان لە نێوەندگیری بۆ کەمکردنەوەی گرژیی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرز دەنرخێنم.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، سید موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان ڕایگەیاند: ئێران و پاکستان پەیوەندی برایانەیان لەگەڵ یەکتردا هەیە و کاتێک کێشەیەک بۆ یەکێک لە براکان دروست بوو، براکەی دیکەش هەستی پێدەکات. هیوادارین بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی پاکستان شەهباز شەریف و فیڵد مارشال عاسم مونیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاکستان بەم زووانە کۆتایی پێبێت.
بەڕێزیان د.قالیباف و د.مۆمەنی و د.ئاراغچی بەرزنرخاند و وتی: هیوادارین بتوانین ئەم بابەتە بگەینە ئەنجام.
نەقوی بە ئاماژەدان بەو پەیامە گرنگەی کە بۆ گەیاندنی گەیشتووەتە ئێران، وتی: من لێرەم بۆ ئەوەی نامەیەکی تایبەتی فیڵد مارشال عاسیم مونیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاکستان و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بۆ ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی، سەبارەت بە دۆخی ئێستا بگەیەنم. پێموایە ئەم پەیامە پەیامێکی گرنگە. هیوادارم هەموو شتێک بە باشی کۆتایی بێت”.
موحسین نەقوی وەزیری ناوخۆی پاکستان شەوی شەممە ١٦ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٥ گەیشتە تاران و لە کاتی گەیشتنی لە لایەن ئەسکەندەر مۆمەنی وەزیری ناوخۆی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا.
سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ تاران هاوتەریبە لەگەڵ ڕۆڵی ناوبراو وەک ناوبژیوانێک لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.