جام کوردی - شارەزایەکی ئابووری بە ئاماژەدان بە پلانی ئێران بۆ پەرەپێدانی ڕێڕەوی بازرگانی بەدیل کە ناوەندەی پلانەکە وەزارەتی ئابوورییە، وتی: لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا هەشت ڕێڕەوی گرنگی شەمەندەفەر هەیە کە شەشیان بە خاکی ئێراندا تێدەپەڕن. ئەم توانایە دەتوانێت ئێران بگۆڕێت بۆ ناوەندێکی ئابووری، بازرگانی و ترانزێت لە ناوچەکەدا و وڵات بکاتە ناوەندێکی گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووری لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهاندا.
پێشهاتە جیۆپۆلیتیکییەکانی ساڵانی ڕابردوو، لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا تا گۆڕینی ڕێڕەوی بازرگانی جیهانی، گرنگیی کۆریدۆرەکانی ترانزێتیان زیاتر لە جاران کردووە. هاوکات ئێران بەهۆی هەڵکەوتەی لە گۆڕەپانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و گەیشتن بە بازاڕەکانی ئاسیا و ئەوروپا و ناوچەیی لە یەک کاتدا توانای ناوازەی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی ترانزێت و بازرگانی.
بەم پێیە بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە کە پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە و ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری دەرەکی و چالاککردنی دیپلۆماسی ئابووری دەتوانێت پشکی ئێران لە بازرگانی ناوچەیی و جیهانی زیاد بکات و سەرچاوەی نوێی داهات بۆ ئابووری وڵات دروست بکات؛ توانایەک کە تا ئێستا کەمتر لە توانای ڕاستەقینەی خۆی ئیستغلال کراوە.
حەسەن حەسەنخانی شارەزای ئابووری لە چاوپێکەوتنێکدا، سەبارەت بە جەختکردنەوەی سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر پەرەپێدانی ڕێڕەوی ترانزێت ڕایگەیاند: پێگەی جیۆپۆلەتیکی ئێران، ئەگەر پڕئیمتیازترین پێگەی جیهان نەبێت، بێ گومان یەکێکە لە ناوازەترین پێگە جیۆپۆلیتیکییەکانی جیهان. ئێران وڵاتێکە کە ڕاستەوخۆ دراوسێی ١٥ وڵاتی جیهانە و هەروەها لە ڕێگەی نێوەندگیرێکەوە پەیوەندی بە نزیکەی ٢٥ وڵاتی دیکەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێران بە دراوسێی وڵاتانی وەک چین و هیندستان لە ڕێگەی نێوەندگیرێکەوە دادەنرێت و هاوکات سنوورێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پاکستاندا هاوبەشە. ئەم پێگەیە دەتوانێت بنەمای پەیوەندی ئابووری لەگەڵ گرنگترین ناوەندەکانی دانیشتوانی جیهان دابین بکات. بەڵام وڵاتەکەمان لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی هۆکاری جۆراوجۆرەوە، لەوانەش هەندێک ڕەچاوکردنی سیاسی، نەیتوانیوە بە تەواوی سوود لەم توانایە وەربگرێت.
ئەو شارەزایە ئابوورییە درێژەی بە قسەکانی دا: ڕێبەری مەزنی ئینقلاب لە وتاری نەورۆزی ساڵی ٢٠١٨دا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر ئێران بتوانێت تەنیا لە سەدا ٢٠ی پێداویستی هاوردەکردنی وڵاتانی دراوسێی دابین بکات، ئەوا توانای گەیشتن بە نزیکەی ٢٥٠ ملیار دۆلار لە هەناردەکردنی ساڵانەدا دەبێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ دەرفەتە بەرفراوانەکانی دەوروبەری ئابووری ئێران. بۆ نموونه ڕووسیا له و کاته دا ساڵانه نزیکه ی 60 ملیار دۆلار ده ڕمانی هاورده ی ده کرد، به ڵام پشکی ئێران له م بازاڕه ته نیا نزیکه ی 250 هه زار دۆلار بوو، ئه مه ش به به ڕاورد به تواناییه کانی ئێستا، ئامارێکی زۆر کەمە .
جەختیشی کردەوە: ئێران پێویستە زیاتر لە جاران توانای جیۆپۆلەتیکی خۆی بەکاربهێنێت. ڕێڕەوی باکوور-باشوور و ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا تەنیا بەشێکن لەم توانایانە؛ لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا هەشت ڕێڕەوی گرنگی شەمەندەفەر هەیە کە شەشیان بە خاکی ئێراندا تێدەپەڕن. ئەم توانایە دەتوانێت ئێران بکاتە ناوەندێکی ئابووری، بازرگانی و ترانزێت لە ناوچەکەدا و وڵات بکاتە گەردنی تەنگ بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووری لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهاندا.
شەڕی ئۆکرانیا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و ئەوروپا کەم نەکردەوە
ئەم شارەزایە ئابوورییە بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی بازرگانی جیهانی دوای شەڕی ئۆکرانیا ڕایگەیاند: یەکێک لەو بوارانەی کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا کەمی نەکرد، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و ئەوروپا بوو. یەکێتی ئەوروپا کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن کەسە و چین کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن کەسە، هێشتا پەیوەندی بازرگانی بەرفراوانیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: بەهای ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢١ واتە پێش دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا نزیکەی ٧٨٠ ملیار دۆلار بووە و ئەم ژمارەیەش لە ساڵی دوای جەنگدا بۆ نزیکەی ٨٢٠ ملیار دۆلار زیادیکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەندێک لە ڕێگاکانی گواستنەوەی تەقلیدی، لەوانەش ڕێگای شەمەندەفەری ڕووسیا-پۆڵەندا، ڕووبەڕووی سنووردارکردنی جددی بوونەتەوە. ئێران دەتوانێت بەشێک لەو توانایە کەڵک وەربگرێت و ڕێگاکانی بازرگانی بە قازانجی خۆی بگۆڕێت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە پەرەپێدانی کۆریدۆرەکان تا چەند دەتوانێت ببێتە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی داهاتی وڵات، حەسەنخانی ڕوونیکردەوە: ئەمە تەواو مومکینە، بەڵام پێویستی بە دابینکردنی ژێرخان و پلانی ورد هەیە. گرنگترین پرس لەوبارەیەوە پارەدارکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانە، کە لە مادەی ٣ی پلانی حەوتەمی گەشەپێدانیشدا لەبەرچاو گیراوە و لە ئەستۆی وەزارەتی کاروباری ئابووری و داراییە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێران دەتوانێت گرێبەستی جۆراوجۆر لەگەڵ وڵاتانی وەک چین ئەنجامبدات کە هاوبەشی بازرگانی گرنگی وڵاتن، لەوانە گرێبەستی وەبەرهێنان، BOT و مۆدێلی هاوبەشی دیکە. چین ساڵانە نزیکەی ٧٠٠ ملیار دۆلار لە وڵاتانی جیاواز وەبەرهێنان دەکات و ئەگەر تەنها نزیکەی ٥ ملیار دۆلار لەو وەبەرهێنانانە ئاراستەی ئێران بکرێت، بەشێکی بەرچاو لە کێشە ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر دەبێت. لە ڕوانگەی توانا ئابووری و وەبەرهێنانەوە هیچ سنووردارکردنێکی جددی نییە و ئەگەری ڕاکێشانی سەرچاوە داراییەکان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری لەبەردەستدایە.
ڕۆڵ لە کۆریدۆرەکان، خۆڕاگری ئابووری ئێران
حەسەنخانی لە وەڵامدا سەبارەت بەوەی ئایا ئابووری ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێی خۆڕاگرییەوە: ئەم بابەتە پەیوەستە بەو ئاستەی کە دەسەڵاتداران بە ترانزێت و توانا جیۆپۆلەتیکییەکانی وڵات دەدەن. ئەگەر ئێران بتوانێت ببێتە هابێکی بازرگانی ناوچەیی و جیهانی، بێ گومان خۆڕاگری ئابووریی وڵاتەکە زیاتر دەبێت. لە ئێستادا یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان بۆ پەرەپێدانی پێگەی ئێران لە ڕێڕەوی ناوچەیی، چالاکی زیاتری باڵیۆزخانەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت لە چینە. باڵوێزی ئێران لە چین پێویستە ڕۆڵی بەرچاوتر لە پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان بگێڕێت.
ئەو شارەزایە ئابوورییە زیادی کرد: یەکێک لە تەحەددیاتەکان ئەوەیە کە باڵیۆزخانەی ئێران لە چین بەقەد تواناکانی ئێستای چالاکی نییە. بەڕای من ئەمە یەکێک بووە لە خاڵە لاوازەکانمان لەم ساڵانەی دواییدا و پێویستە بە جددیتر پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ چیندا بەدوادا بچین.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە گرنگترین بەربەستەکانی گۆڕینی قازانجی جوگرافیای ئێران بۆ قازانجێکی ئابووری چین، حەسەنخانی وتی: ئەم پرسە لە بەڵگەنامەکانی سەرەوە، لەوانەش پلانی حەوتەمی گەشەپێدان باس کراوە و تەنانەت زۆرێک لە وڵاتان ڕوانگەیەکی ئەرێنیتریان لە تواناکانی ترانزێتی ئێران لە دوای شەڕی ئۆکرانیا وەرگرتووە. بابەتی سەرەکی لەم بارودۆخەی ئێستادا زیاتر پەیوەندی بە جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنەوە هەیە نەک نەبوونی پلان. هاوکاری ئابووری و ترانزێتی نێوان ئێران، چین، ڕووسیا و هیندستان پێویستی بە بڕیاردان و جێبەجێکردنی خێراتر هەیە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا پرۆسەی ئیداری و بیرۆکراسی کارەکانی خاوتر کردووەتەوە.
لە کۆتاییدا ئەم شارەزایە ئابوورییە ئاماژەی بەوەدا: ڕۆڵی باڵوێزخانەکانی ئێران لە وڵاتانی ئامانجدا زۆر گرنگە لە لابردنی ئەو ئاستەنگانە. باڵوێزخانەی ئێران لە ڕووسیا ئەدای قبوڵکراوی ئەنجامداوە، بەڵام لە دۆخی چیندا هێشتا پێویستی بە چالاکی و جووڵەی زیاتر هەیە. بە گشتی هیچ ئاستەنگێکی دەرەکی جددی لەبەردەم پەرەپێدانی کۆریدۆرەکاندا نییە و ئەوەی لە هەمووی گرنگترە خێراکردنی بڕیاردان و جێبەجێکردنی پلانەکانی ئێستایە.