جام کوردی -هۆشداریی ئەنساروڵای یەمەن بۆ قەدەغەکردنی کەشتییەکانی ئیسرائیل لە دەریای سوور دوای داخستنی گەرووی هورمز، بازاڕی جیهانی وزەی خستۆتە لێواری تەقینەوە. بەهۆی ئەوەی 70%ی هەناردەکردنی نەوتی سعودیە بۆ دەریای سوور دەگوازرێتەوە، هەر گرژییەک لە بابولمەندەب دەتوانێت دوا خوێنهێنەری گرنگی گواستنەوەی وزەی ناوچەکە بوەستێنێت.
لە کاتێکدا داخستنی گەرووی هورمز هەناردەکردنی زۆربەی وزەی کەنداوی فارسی پەکخستووە، ئەنساروڵڵای یەمەن ڕایگەیاند کە کەشتییەکانی پەیوەست بە ڕژێمی ئیسرائیل لە دەریای سوورەوە قەدەغە دەکات؛ هەنگاوێک کە پسپۆڕان دەڵێن دەتوانێت یەکێک لە دوا ڕێگا گرنگەکانی گواستنەوەی نەوتی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.
دوابەدوای دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بزووتنەوەی ئەنساروڵای یەمەن ڕایگەیاند کە کەشتییەکانی پەیوەست بەو ڕژێمە لە دەریای سوورەوە قەدەغە دەکەن؛ هەنگاوێک کە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە کەشتیوانی جیهانی و دابینکردنی وزە زیاد کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە داخستنی گەرووی هورمز لەو کاتەوەی کە ئەمریکا و ڕژێمی داگیرکەر لە ٢٨ی ڕەشەممەدا هێرشیان کردە سەر ئێران، زۆربەی هەناردەکردنی نەوت و وزەی وڵاتانی کەنداوی فارسی پەکخستووە و شۆکێکی بەرچاوی بە بازاڕەکانی وزەی جیهانی گەیاندووە.
لەبەرامبەردا سعودیە زیاتر لە 70%ی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ڕۆژانەی بۆ بەندەری یانبو لە کەنارەکانی دەریای سوور گواستەوە. ئەم ڕێگایە تا ئێستا وەک هێڵی ژیان بۆ بازاڕی وزە کاری کردووە و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوتی جیهانی کردووە.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە هەر پەککەوتنێکی بەردەوامی کەشتیوانی دەریای سوور، لەوانەش هێرشکردنە سەر کەشتی یان بەندەرەکان، دەکرێت لێکەوتەی جددی بۆ بازاڕی وزە هەبێت، چونکە بە پێچەوانەی سەردەمی هێرشەکانی ئەنساروڵڵا لە ساڵی ٢٠٢٣ کە هێشتا نەوتی کەنداوی فارس لە ڕێگەی هورموزەوە هەناردە دەکرا، ئێستا بەشێکی بەرچاو لە بارەکانی نەوت ڕاستەوخۆ لە دەریای سوورەوە باردەکرێن.
سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەنساروڵڵا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، قەدەغەکردنی تێپەڕبوونی کەشتییە ئیسرائیلییەکان بە "هەنگاوی یەکەم" دادەنرێت، ئەگەر گرژییەکان بەردەوام بن، ڕەنگە ئەو کەشتیانەی بەرەو ڕژێمی داگیرکەریش دەچن، بەربەست بکرێن و ڕێوشوێنی دیکەش بخرێنە بەرنامەی کارەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەنساروڵڵا دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023، هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سوور و ئامانجەکانی ناو ڕژێمی ئیسرائیل دەستپێکرد، ئەمەش وایکرد کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانی ڕێگاکانیان لە دەریای سوورەوە بۆ دەوروبەری ئەفریقا بگۆڕن، ڕێگایەکی درێژتر و گرانتر و بازرگانی جیهانی پەکخست.
بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لە شەڕی ئەم دواییەی دژ بە ئێران ڕۆڵێکی سنوورداری هەبووە و لە کۆتاییەکانی مانگی ئازار و سەرەتای مانگی نیساندا تەنیا چەند هێرشێکی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژی ڕژێمی ئیسرائیل ئەنجامداوە. عەبدولمەلیک ئەلحوسی، سەرۆکی ئەنسار اللە لە 5ی ئازاردا ڕایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات، ئەو گروپە ئامادەن بچنە ناو ململانێکانەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، شرۆڤەکاران پێیان وایە کە ئەنساروڵڵا و ئێران تا ئێستا هەڕەشەی داخستنی ڕێڕەوێکی گرنگی دیکەی وزەی جیهانی وەک ڕێگرییەک لە بەرامبەر پەرەسەندنی چالاکییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی داگیرکەر کەڵکیان وەرگرتووە. بەڵام ئەگەر ململانێکان تەشەنە بکات، بەشدارییەکی چالاکتری ئەنساروڵڵا دەتوانێت قەیرانی وزەی جیهانی پاڵ بنێت بۆ قۆناغێکی نوێ.