جام کوردی ـــ  بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی ئاناهیتا لە کرماشان، ئامادەیی سندوقی گەشەپێدانی نیشتمانیی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاناهیتا ڕاگەیاند؛ پڕۆژەیەک کە بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە پیشەسازییەکانی بەشی ڕۆژئاوای وڵات دادەنرێت.

حسێن عەبدی بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی پارێزگاری کرماشان و سەرۆکی شاندی کارگێڕی سندووقی گەشەی نیشتمانی، ڕایگەیاند: "لەم کۆبوونەوەیەدا پێداچوونەوە بە پڕۆسەی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی پڕۆژەکەدا کرا، هەروەها سندووقی گەشەپێدانی نیشتمانی ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند بۆ پێدانی 3 ملیار یۆرۆ لە ئاسانکارییەکانی دراوی بیانی کە بۆ ئەم پڕۆژەیە پەسەند کراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "دەستپێکی خەرج کردنی ئاسانکارییەکان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی وەزارەتی نەوت و دەزگا بەرپرسەکانی دیکە".

بەڕێوەبەری گشتی پاڵاوگەی نەوتی ئاناهیتا، بە ئاماژەدان بەوەی کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی 4 ملیار یۆرۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە وەبەرهێنان بکرێت، وتی: پاڵاوگەی نەوتی ئاناهیتا لە ماوەی بیناسازیدا هەلی کارێکی ڕاستەوخۆ بۆ زیاتر لە 5 هەزار کەس و پاش کارپێکردن بۆ نزیکەی 8 هەزار کەس، دەڕەخسێنێت.

بەرهەمهێنانی بەنزین و گازۆیل و سووتەمەنی جێت و بەرهەمە نەوتییەکانی تر لە گرنگترین بەرهەمەکانی ئەم کۆمەڵگە دەبێت.