جام کوردی - کونسوڵی گشتی عێراق لە کرماشان ئامادەیی خۆی بۆ دامەزراندنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان کۆمپانیاکانی زانست بنەما و تەکنەلۆژی کرماشان و بازاڕی عێراق ڕاگەیاند و وتی: زەمینە ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە بەشداری پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدا بکەن و پەردە بە هاوکارییە هاوبەشەکان لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پزیشکی، پیشەسازی و بیناسازیدا بدەن.

سەعدون ئەلسەعدی لە سەردانەکەیدا بۆ پارکی زانست و تەکنەلۆژیای کرماشان، تواناکانی کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکانی پارێزگاکەی بە جێی سەرنج زانی و بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی زانست و تەکنۆلۆژیا لە پێشکەوتنی وڵاتاندا، جەختی لە پاڵپشتی کردنی بوونی کۆمپانیاکانی کرماشان لە بازاڕی عێراق کردەوە.

ناوبراو وتیشی سەرکەوتن لە بازاڕی عێراقدا، پێویستی بە، بایەخدان بە کوالیتی بەپاکەتکردن و دیزاینی پڕۆفشناڵی بەرهەمەکان و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی میدیایی بە زمانی عەرەبی هەیە.

لەم سەردانەدا، سیامەک ئازادی، بەرپرسی پارکی زانست و تەکنەلۆجیای کرماشان، باسی لەوە کرد کە پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بوونی کۆمپانیاکانی زانست بنەما لە بازاڕەکانی ناوچەکەدا لە ئەولەوییەتییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە.

هەروەها عەباس عەلی سەلیقەدار، بەرپرسی نووسینگەی وەزارەتی دەرەوە لە پارێزگاکە، ئامادەیی دامەزراوەکەی بۆ ئاسانکاری بەستنەوەی کۆمپانیا تەکنەلۆژیاکان بە بازاڕەکانی دەرەوە و بۆنە نێودەوڵەتییەکان ڕاگەیاند.

شاندی عێراقی لە سەردانەکەیدا بۆ کرماشان، جگە لە سەردانی بۆ کۆمپانیاکانی زانست بنەمای چالاک لە بوارەکانی کەرەستەی پزیشکی، کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیای پیشەسازی و خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری، هەروەها سەردانی سەنتەری یاری و ئەنیمەیشنی پارکی زانست و تەکنەلۆژیای کرماشانی کرد.

ئەلسەعدی لەم بەشەدا بە ئاماژەدان بە گەشەی بازاڕی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی لە عێراقدا، جەختی لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی تایبەت بە بەردەنگی عەرەب زمان و ئامادەبوونی کاریگەر لە بازاڕی دیجیتاڵی ناوچەکەدا کردەوە.