جام کوردی ـــ سەردانی داهاتووی پارێزگاری سلێمانی بۆ کرماشان دەرفەتێکی گرنگە بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوو دیوی سنوورکە؛ دەرفەتێک کە سەرکەوتنی نەک لە ژمارەی کۆبوونەوە و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن، بەڵکو بە بڕی دەستکەوتە کردارییەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی بازرگانی و چارەسەرکردنی کێشەی چالاکانی ئابووری دەپێورێت.
پارێزگای کرماشان نزیکە لە میوانداریکردنی پارێزگاری سلێمانییەی عێراق؛ گەشتێک کە ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە سەیر بکرێت، دەتوانێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییە ئابووری و کولتووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو دیوی سنوورەکەدا.
بەڵام ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەریخستووە کە زۆرێک لە سەردانی فەرمی و ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان، دوای کۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمی پێشوازی و کۆبوونەوە مەراسیمییەکان، لە ئەرشیفی ئیدارەکاندا ماونەتەوە و هیچ دەستکەوتێکی بەرجەستەیان بۆ خەڵک و چالاکانی ئابووری لەگەڵدا نەبووە.
کرماشان و سلێمانی تەنیا دوو یەکەی ئیداری دراوسێ نین؛ ئەم دوو ناوچەیە پەیوەندییەکی قووڵی مێژوویی، کولتووری، زمانەوانی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان هەیە.
بەشێکی بەرچاو لە بازرگانی دەرەکی پارێزگای کرماشان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دەدرێت و سلێمانی بە یەکێک لە دەروازە گرنگەکانی پارێزگاکە بۆ بازاڕی عێراق دادەنرێت.
هەر لەم بۆنەوە، ئەم گەشتە دەتوانێت ببێتە بەستێنێک بۆ پێناسەکردنی پڕۆژەی هاوبەشی ئابووری و وەبەرهێنان لە دەرەوەی کۆبوونەوە سیاسییەکان.
ئەوەی گرنگە پێش گەیشتنی شاندی عێراقی، ئامانجەکانی گەشتەکە ڕوون و ئاشکران. پێویستە کرماشان بە لیستێکی ڕوون لە داواکاری و دەرفەت و ئەو پڕۆژانەی کەوا جێبەجێ دەکرێن، پێشوازی لەم سەفەرە بکات.
پەرەپێدانی بازرگانی سنووری، ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی بازرگانان، زیادکردنی هاوکارییە پێشانگەییەکان، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی هاوبەش، پەرەپێدانی گەشتیاری تەندروستی، فراوانکردنی هاوکاری ئەکادیمی و زانستی، پاڵپشتی لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی پارێزگاکە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی کەرتی تایبەت، پێویستە لە پێشینەی دانوستانەکاندا بێت.
هەروەها ڕۆڵی ژووری بازرگانی کرماشان وەک سکرتێری لێژنەی ئابووری ئەم سەفەرە زۆر گرنگە.
کەرتی تایبەت لە هەر دامەزراوەیەکی دیکە باشتر ئاشنای بەربەستەکانی بەردەم بازرگانی و پێداویستییەکانی بازاڕی عێراقە و دەتوانێت داواکاری ڕاستەقینەی چالاکانی ئابووری بخاتە سەر مێزی دانوستان.
ئەگەر لەم سەفەرەدا دەنگی کەرتی تایبەت نەبیسترێت، بەشێکی بەرچاو لە توانای ئەم بۆنەیە لەدەست دەچێت.
هەروەها پێویستە میکانیزمێکی جێبەجێکردن و خشتەی کاتی تایبەت بۆ هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری دیاری بکرێت.
ئەزموونەکان دەریانخستووە ئەو یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن کەوا لیژنەی بەدواداچوون و خشتەی کاتی و بەرپرسی جێبەجێ کردنی، دیاری نییە، بەزۆری شکست دەهێنن و بێ ئەنجام دەبن.
سەرکەوتنی ئەم گەشتە کاتێک دەپێورێت کە دوای چەند مانگێک بتوانین باس لەسەر زیادکردنی قەبارەی بازرگانی، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نوێ، بەڕێوەچوونی بۆنە هاوبەشەکان، یان لابردنی هەندێک لە بەربەستە ئابوورییەکان بکەین.
سەردانەکەی پارێزگاری سلێمانی بۆ کرماشان دەتوانێ سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێ بێت لە هاوکاریی دوو قۆڵی نێوان هەر دوولا، بەڵام تەنیا لە حاڵەتێکدا کە وەک دەرفەتێکی گەشەپێدان کەڵک لێ وەربگیردێت، نەک بەس وەکوو ڕووداوێکی ڕێوڕەسمی.
ئەمڕۆ کرماشان لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر پێویستی بە دیپلۆماسی ئابووری چالاک هەیە و ئەم سەردانە دەتوانێ تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بێت بۆ ئامادەیی پارێزگاکە بۆ کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی دراوسێی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
تایبەت بە جامی کوردی