​حەمەخان لەو دیمانەیەدا تیشکی خستە سەر بازرگانیکردن بە برینەکانی خەڵک و ئەو ئاڕاستە مەترسیدارەی کە میدیای کوردی گرتوویەتیەبەر.

​فەرحان حەمەخان لە دەستپێکی شیکارییەکەیدا بۆ (جام کوردی) ئاماژەی بەوە کرد کە کەیسی ڕوقیە بووە وێستگەیەکی ڕوون بۆ دەرکەوتنی "میدیای چەواشەکار". ئەو دەڵێت:

​"کاتێک خاوەنداریەتیی میدیا و ئەجێندای سیاسی-بازرگانی دەبنە ئاڕاستەکەری سەرەکیی ژوورەکانی هەواڵ، بنەماکانی ڕووماڵی هاوسەنگ و کۆدە ئەخلاقییەکان دەبنە قوربانیی یەکەم. لێرەدا ئامانج گەیاندنی ڕاستی نییە، بەڵکو کۆکردنەوەی لایک و بینەرە لەسەر حیسابی تراژیدیای خێزانەکان."

​یەکێک لەو خاڵە سەرنجڕاکێشانەی کە ئەم شرۆڤەکارە میدیاییە وەک "لایەنێکی شاراوە و چەواشەکارییەکی بەمەبەست" ناوی برد، تێکەڵکردنی دۆسیەی ئەم منداڵە بوو لەگەڵ ڕووداوەکانی دیکەدا. بەشێک لە پەیج و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دۆزینەوەی منداڵەکەی ناوچەی قەندیلیان تێکەڵ بەم ڕووداوەی هەورامان کردووە.

​حەمەخان لەمبارەیەوە ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات:

​دووریی نێوان قەندیل و هەورامان و جیاوازیی سروشتی ڕووداوەکان پشتگوێ خراون بۆ دروستکردنی درامایەکی میدیایی تەمومژاوی.

​ئەم جۆرە تێکەڵکردنە نەک هەر هاوسۆزی لەگەڵ بنەما مرۆییەکاندا ناکات، بەڵکو نیشانیدەدات کە میدیای کوردی چۆن لە پێناو ڕەیتینگدا،​

​پەیامنێری جام کوردی پرسیاری لێکەوتەکانی ئەم شێوازە لە ڕووماڵکردنی ئاڕاستەکراوی ئاڕاستە کرد، لە وەڵامدا فەرحان حەمەخان هۆشداریدا لە داڕمانی متمانەی گشتی بە میدیا و وتی:

"ئەنجامی ئەم جۆرە ڕەفتارانە، غەرقبوونی کۆمەڵگە و ڕای گشتییە لە نێوان دەیان هەواڵی ساختەو زانیاریی ناڕاستدا. خوێنەر و بینەری کورد ئێستا لەبەردەم سێڵاوێک لە زانیاریی دژبەیەکدا ڕاوەستاوە، کە بەشێکی زۆری بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان یان لێدان لە دەروونی کۆمەڵگە تەرخانکراوە."

​لە کۆتایی گفتوگۆکەدا لەگەڵ (جام کوردی)، فەرحان حەمەخان جەختی کردەوە کە ڕووداوەکەی ئاوی زەڵم پێویستە ببێتە زەنگێکی مەترسیدار بۆ سەندیکا و ناوەندە میدیاییەکان، تا سنوورێک بۆ ئەم "فەوزا ئەخلاقییە" دابنرێت؛ چونکە کاتێک میدیا ئەرکی پەیام ناردن و هۆشیارکردنەوەی لەدەستدا، دەبێتە ئامرازێکی مەترسیدار بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و شێواندنی مێژووی زیندووی ڕووداوەکان.