حەمەخان لەو دیمانەیەدا تیشکی خستە سەر بازرگانیکردن بە برینەکانی خەڵک و ئەو ئاڕاستە مەترسیدارەی کە میدیای کوردی گرتوویەتیەبەر.
فەرحان حەمەخان لە دەستپێکی شیکارییەکەیدا بۆ (جام کوردی) ئاماژەی بەوە کرد کە کەیسی ڕوقیە بووە وێستگەیەکی ڕوون بۆ دەرکەوتنی "میدیای چەواشەکار". ئەو دەڵێت:
"کاتێک خاوەنداریەتیی میدیا و ئەجێندای سیاسی-بازرگانی دەبنە ئاڕاستەکەری سەرەکیی ژوورەکانی هەواڵ، بنەماکانی ڕووماڵی هاوسەنگ و کۆدە ئەخلاقییەکان دەبنە قوربانیی یەکەم. لێرەدا ئامانج گەیاندنی ڕاستی نییە، بەڵکو کۆکردنەوەی لایک و بینەرە لەسەر حیسابی تراژیدیای خێزانەکان."
یەکێک لەو خاڵە سەرنجڕاکێشانەی کە ئەم شرۆڤەکارە میدیاییە وەک "لایەنێکی شاراوە و چەواشەکارییەکی بەمەبەست" ناوی برد، تێکەڵکردنی دۆسیەی ئەم منداڵە بوو لەگەڵ ڕووداوەکانی دیکەدا. بەشێک لە پەیج و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دۆزینەوەی منداڵەکەی ناوچەی قەندیلیان تێکەڵ بەم ڕووداوەی هەورامان کردووە.
حەمەخان لەمبارەیەوە ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات:
دووریی نێوان قەندیل و هەورامان و جیاوازیی سروشتی ڕووداوەکان پشتگوێ خراون بۆ دروستکردنی درامایەکی میدیایی تەمومژاوی.
ئەم جۆرە تێکەڵکردنە نەک هەر هاوسۆزی لەگەڵ بنەما مرۆییەکاندا ناکات، بەڵکو نیشانیدەدات کە میدیای کوردی چۆن لە پێناو ڕەیتینگدا،
پەیامنێری جام کوردی پرسیاری لێکەوتەکانی ئەم شێوازە لە ڕووماڵکردنی ئاڕاستەکراوی ئاڕاستە کرد، لە وەڵامدا فەرحان حەمەخان هۆشداریدا لە داڕمانی متمانەی گشتی بە میدیا و وتی:
"ئەنجامی ئەم جۆرە ڕەفتارانە، غەرقبوونی کۆمەڵگە و ڕای گشتییە لە نێوان دەیان هەواڵی ساختەو زانیاریی ناڕاستدا. خوێنەر و بینەری کورد ئێستا لەبەردەم سێڵاوێک لە زانیاریی دژبەیەکدا ڕاوەستاوە، کە بەشێکی زۆری بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان یان لێدان لە دەروونی کۆمەڵگە تەرخانکراوە."
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا لەگەڵ (جام کوردی)، فەرحان حەمەخان جەختی کردەوە کە ڕووداوەکەی ئاوی زەڵم پێویستە ببێتە زەنگێکی مەترسیدار بۆ سەندیکا و ناوەندە میدیاییەکان، تا سنوورێک بۆ ئەم "فەوزا ئەخلاقییە" دابنرێت؛ چونکە کاتێک میدیا ئەرکی پەیام ناردن و هۆشیارکردنەوەی لەدەستدا، دەبێتە ئامرازێکی مەترسیدار بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و شێواندنی مێژووی زیندووی ڕووداوەکان.