جام کوردی ـــ   بە ئامادەبوونی پارێزگاری کرماشان، ئەندامانی پەرلەمان، بەرپرسانی ئەمنی و بەڕێوەبەرانی جێبەجێکار، ناوەندی ژمارەدانانی ئۆتۆمبێل لە ناوچەی ئازادی بازرگانی ـــ پیشەسازی قەسرشیرین کرایەوە و هاوکات پرۆسەی ژمارەدان بە ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان بە ژمارەی تایبەتی "88" بەشێوازی فەرمی، دەستیپێکرد.

لەم مەراسیمەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچوو، بەرپرسانی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین دەستپێکردنی کاری ناوەندی ژمارەدانیان بە یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی تەواوکردنی ژێرخانی جێبەجێکاری ناوچەی ئازاد وەسف کرد.

ڕەزا قوبادیمێهر، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین، بە ئاماژەدان بەو ڕاستییەی کە ئەم ناوچەیە دوو سنووری فەرمیی هەیە، خوسرەوی و پەرویزخان، وتی: ئەم توانایە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە پەرەپێدانی بازرگانی، ترانزێت، هەناردەکردن و ڕاکێشانی وەبەرهێناندا بگێڕێت.

ناوبراو هەروەها، کۆتایی هێنان بە قۆناغەکانی پێداچوونەوە بە پلانی هەمەلایەنەی ناوچەی ئازادی قەسری شیرین و پێشکەشکردنی بە دەستەی حکومەت، لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕاگەیاند.

فەتحوڵڵا حوسێنی، نوێنەری خەڵکی قەسر شیرین، سەر پولزەهاب و گیلان غەرب لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، هەروەها دەستپێکردنی ئەم ناوەندەی بە ئەنجامی، ساڵەها بەدواداچوون و هاوکاری نێوان دەزگا جۆراوجۆرەکان زانی و ڕایگەیاند: بە لابردنی ئاستەنگە یاساییەکان و دروستکردنی ژێرخانی پێویست، لەوانەش تەرخانکردنی کۆدی گومرگی، ئەگەری هاوردەکردن و ژمارەدان بە ئۆتۆمبێل لە ناوچەی ئازاددا دابین کراوە.

ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر خێراکردنی پلانی ڕێکخستنی کۆڵبەری و لابردنی ئاستەنگەکانی وەبەرهێنان و پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی ئابووری ناوچەکە کردەوە.

لەم مەراسیمەدا پەردە لەسەر ژمارەی تایبەتی "88"ی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین لادرا، هەروەها سێ ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی سیمبولیک ژمارەیان بۆ دانرا.

کاربەدەستانی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای کرماشان ڕایانگەیاند کە بە دەستپێکردنی چالاکییەکانی ناوەندەکە، خزمەتگوزاریی ژمارەدان بە ئۆتۆمبێلەکانی ناوچەی ئازاد دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و زەمینەی ئاسانکاری خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان، بازرگانان و چالاکانی ئابووری دابین دەکرێت.

دەستپێکردنی ناوەندی ژمارەدان و دەستپێکردنی دەرکردنی تابلۆی تایبەت، یەکێک لە گرنگترین ڕێوشوێنە جێبەجێکارییەکانی ناوچەی ئازادی قەسری شیرینە لە سەرەتای دەستپێکردنی چالاکییەکانیی ناوچەکەوە و دەتوانێت ڕێگا بۆ چالاکی ئابووری و وەبەرهێنانەکانی زیاتر لە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشاندا، خۆش بکات.