جام کوردی ـ  لەم ساڵانەی دواییدا هەرکات باس لە توانا پشتگوێخراوەکانی کرماشان بۆ پەرەپێدانی بازرگانی دەرەکی دەکرێت، لەپاڵ سنووری خوسرەوی و پەرویزخانەوە ناوی "سۆمار"یش دەهێنرێت. سنوورێک کە بە یەکێک لە بەنرخترین توانا ئابوورییەکانی ڕۆژئاوای وڵات دادەنرێت بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و نزیکیی لە بەغدا و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە چڕ و پڕ دانیشتووەکانی عێراق؛ بەڵام هێشتا لەگەڵ تەحەدایەکی بنەڕەتیدا دەجەنگێت، نەبوونی ژێرخانی گواستنەوە گونجاو، کە هاوتا بێت لەگەڵ تواناکانی ئێستادا.

لێدوانەکانی ئەم دواییەی جێگری پارێزگاری کرماشان سەبارەت بە هێواشی بەرەوپێشچوونی پڕۆژەی ڕێگای گیلانغەرب ــ سۆمار لە ڕێگای زەلەزەردەوە جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی بیرخستەوە کە گەشەپێدانی سنوورەکان، بەس بە کردنەوەی بازاڕ، دامەزراندنی گومرگ یان زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەدی نایەت.

بازرگانی لە جیهانی ئەمڕۆدا زیاتر لە هەموو شتێک پەیوەستە بە ژێرخانە؛ ژێرخانێک کە ئەگەر بوونی نەبێت تەنانەت باشترین شوێنە جوگرافییەکان ناگۆڕدرێن بۆ سوودێکی ئابووری.

ئەمڕۆ سۆمار لە خاڵێکدا هەڵکەوتووە، کە دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین کۆریدۆرە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق.

ئەم سنوورە لە زۆرێک لە دەروازەکانی دیکە لە بەغدا نزیکترە، ئەمەش تێچوو و کاتی گواستنەوەی کەلوپەل بۆ بەشێکی بەرچاوی بازاڕی عێراق کەمدەکاتەوە. هەر ئەم تایبەتمەندییەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی بەرچاو لە هەناردەکردن بۆ پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی عێراق لەم ڕێگایەوە ئەنجام بدرێت.

بەڵام کاتێک ڕێگای دەستڕاگەیشتن لەبار و گونجاو نییە، بەشێک لەم سوودە کێبڕکێیە بە کردەوە لەدەست دەچێت.

تەنها بابەتی بازرگانی نییە. لەم ساڵانەی دواییدا زۆر باس لەسەر توانای سۆمار کراوە بۆ ئەوەی ببێتە سنووری ئەربەعین.

مەودای کەمی ئەم سنوورە بۆ شارە زیارەتییەکانی عێراق دەتوانێت لە داهاتوودا بەشێک لە بارگرانی هاتوچۆی زیارەتکاران لە دەروازەکانی دیکەدا ڕزگار بکات. بەڵام گەیشتن بەم ئامانجە بەبێ ڕێگایەکی ستاندارد و سەلامەت و توانای بەرز، مومکین نییە.

ئەم سنوورە ئەربەعینییە لە سەرووی هەموو شتێکەوە پێویستی بە ژێرخان هەیە و ڕێگاکەش گرنگترین ئەڵقەی ئەم زنجیرەیە.

لەوەش گرنگتر گەشەپێدانی سۆمار تەنها پڕۆژەیەکی ناوخۆیی یان پارێزگایی نییە. ئەم سنوورە دەتوانێت ببێتە هێزی بزوێنەر بۆ گەشەسەندنی باشوور و ڕۆژئاوای کرماشان.

گیلانغەرب، سۆمار و نەفتی شار، ساڵانێکە کە تێچووی قورسی شەڕ و ئەو بێبەش بوونانەی کە بە دوایدا هات، لە ئەستۆیان گرتووە.

ئەمڕۆ گەشەپێدانی ژێرخانی پەیوەندییەکان دەتوانێت قەرەبووی بەشێک لەم دواکەوتووییە مێژووییە بکاتەوە و بنەما بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و ڕەخساندنی هەلی کار و پێشخستنی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە و لۆجستیک دابین بکات.

ئەوەی ئەمڕۆ نیگەرانی لێدەکەوێتەوە، نەبوونی لێکۆڵینەوە یان گرنگی نەدان بە پڕۆژەکە نییە، بەڵکو بۆشایی نێوان بەڵێن و جێبەجێکردنە.

بەرپرسانی پارێزگاکان چەندین جار جەختیان لەسەر پێویستی تەواوکردنی ئەم تەوەرە کردووەتەوە و تەنانەت بەشێک لە ئاستەنگەکانی ئیداری و داراییش چارەسەر کراون، بەڵام بەرهەمی مەیدانی هێشتا دوورە لە چاوەڕوانییەکان.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە بۆشایی کێبڕکێی بازرگانی ناوچەییدا، کات هۆکارێکی دیاریکەرە و هەر دواکەوتنێک دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەتە ئابوورییەکان.

لە ساڵانی ڕابردوودا کرماشان هەوڵی داوە پێگەی خۆی وەک دەروازەی بازرگانی نێوان ئێران لەگەڵ عێراق جێگیر بکات.

بەڵام پاراستنی ئەم پێگەیە پێویستی بە وەبەرهێنانی بەردەوام هەیە لە ژێرخانی ئابووریدا.

ئەگەر بڕیار وابێت کە پشکی پارێزگاکە لە بازاڕی عێراق زیاد بکرێت و ئەگەر بڕیاڕ بێت سنوورە نوێیەکان چالاک بکرێن و ئەگەر سۆمار ببێتە دەروازەیەکی ستراتیژی، ئەوا ڕێگای زەلەزەرد نابێت ببێتە پڕۆژەیەکی دیکەی درێژخایەن بۆ وڵات.

سۆمار زیاتر پێویستی بە قیر و پرد و مەکینە و کەرەستەی و کارگەی بیناسازی چالاک هەیە نەک دروشم.

ئایندەی ئەم سنوورە نەک بە کۆبوونەوە و ڕاپۆرت، بەڵکو بە خێرایی پێشکەوتنی پڕۆژەیەک هەڵدەدرێتەوە، کە دەتوانێ بۆ ساڵانی داهاتوو ڕێڕەوی گەشەسەندنی ڕۆژئاوای کرماشان بگۆڕێت.