بە پێی ڕاپۆرتی جام کورد، کرماشان یەکێکە لەو پارێزگا دەگمەنانی ئێران کە ئاسەواری مێژوویی سەردەمە جیاجیاکانی تێدایە؛ لە نیگارە هەڵکنراوە کۆنەکان و شوێنە هەخامەنشی و ساسانییەکانەوە هەتا شوێنەوارە مێژووییەکانی سەردەمی ئیسلامی و قاجار؛ لەم ڕاپۆرتەدا 10 شوێنی مێژوویی و دیار لە پارێزگای کرماشان دەناسین.
تاق وەستان؛ گێڕانەوەی بەردی پاشاکانی ساسانی
کۆمەڵگەی مێژوویی تاق وەسان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشان کۆمەڵێک بەردنووسراوە و نووسراوی سەردەمی ساسانی لەخۆدەگرێت. تاج دانانی خوسرەو پەرویز و ئەردەشیری دووەم و شاپووری دووەم و سێیەم و دیمەنەکانی ڕاوکردنی بەراز لەلایەن سوارچاکانەوە لە نیگارە هەڵکنراوە دیارەکانی ئەم کۆمەڵەیەن.
وێڕای ئەم نیگارە هەلکنراوانە نووسراوە بە ڕێنووسی پەهلەوییش دەبینرێن. بوونی شاخ و کانیاو و دەریاچە لە تەنیشت کۆمەڵگەکەوە و هەروەها پارکەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و پارکی شاخ، تاق وەسانی کردووە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە ناسراوەکانی کرماشان. هەروەها چێشتخانە و بازاڕە تەقلیدییەکانی دەوروبەری کۆمەڵگەکە سەرنجی گەشتیارانیان زیاتر کردووە.
بێسۆتون؛ بەڵگەی بەردینی مێژووی هەخامەنشی
بێستوون یەکێک لە گرنگترین شوێنە مێژووییەکانی کرماشان و یەکێک لە ناسراوترین شوێنەوارە کۆنەکانی ئێرانە. نووسراوی بێستوون کە دەکەوێتە بناری چیای بێستوونەوە، بە فەرمانی داریۆشی گەورە دروستکراوە و باسێک لە سەرکەوتنەکانی بەسەر نەیاران و یاخیبوواندا لەخۆدەگرێت.
ئەم نووسراوە یەکێک لە گرنگترین بەڵگەنامە مێژووییەکانی سەردەمی هەخامەنشە و یەکێکە لە شوێنەوارەکانی ئێران کە لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆدا تۆمار کراوە؛ ئەم شوێنەوارە لە ساڵی ٢٠٠٦دا لەم لیستەدا هاتووە.
شوێنی مێژوویی بێستوون تەنیا بە نووسراوی داریۆش سنووردار نییە و هەروەها شوێنەوارگەلێک وەک پەیکەری هێرکول، کاروانسەرای شاعەباسی، سەراو و گۆلی بێستوون و مەزارگەی ئیمامزادە باقری تێدایە.
ئانوبانینی؛ نیگارەیەک هەڵکنراو لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین
نیگارەی هەڵکنراوی ئانوبانینی لە ناوچەی سەرپۆلزەهاب یەکێکە لە بەرهەمە دیارەکانی شارستانیەتی لولوبی لە زاگرۆسە؛ بەرهەمێک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی سێیەمی پێش زایین.
ئەم شوێنەوارە وێنەی ئەنوبانیینی پاشای لولوبیا و دیمەنێکی سەرکەوتنی بەسەر دوژمناندا نیشان دەدات و بە یەکێک لە بەرهەمە کۆنە هەرە بەرچاوەکانی ناوچەی سەر پۆلزەهاب دادەنرێت. زۆرێک لە توێژەران و مێژوونووسان توێژینەوەیان لەسەر تەمەن و پێگەی مێژوویی ئەم بەرهەمە ئەنجامداوە.
قوری قەڵا؛ سەرسوڕهێنەری ژێرزەوینی ڕەوانسەر
ئەشکەوتی قۆری قەڵا نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە شاری ڕەوانسەرەوە دوورە و لە بناری چیای شاهو و نزیک ڕێگای ڕەوانسەر- پاوە هەڵکەوتووە. ئەم ئەشکەوتە یەکێک لە ناسراوترین ئەشکەوتە ئاوییەکانی ناوچەکەیە و بە هۆی پێکهاتەی سروشتی و فەزای سەرسوڕهێنەرەوە یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە گرنگەکانی کرماشان.
هەروەها قوری قەڵا بە درێژایی مێژوو لەلایەن مرۆڤەوە بەکارهاتووە و دۆزینەوەی شوێنەوارگەلێک وەک قاپ و دەفر و سکەی سەردەمی یەزدگەردی سێیەم بە نیشانەی هەبوون و بەکارهێنانی ئەم ئەشکەوتە لەلایەن مرۆڤەوە لە سەردەمی کۆندا، دادەنرێت.
لە بەشە قووڵەکانی ئەشکەوتەکەدا تاڤگە هەیە کە بەرزییەکەی نزیکەی 10 بۆ 12 مەتر دەبێت. هەروەها "تونێلی بەرزەخ" به درێژی نزیکەی 220 مەتر یەکێکه لە بەش ناسراوەکانی ئەم ئەشکەوته کە بەشێکی به ئاو داپۆشراوه.
قەڵای یەزدگێرد؛ کۆمەڵگەیەک مێژوویی لە دڵی زاگرۆسدا
کۆمەڵە بینای مێژوویی قەڵای یەزدگێرد نزیک لە ڕێگای ڕێژاو بۆ سەرپولزەهاب، کۆمەڵەیەکی بەرفراوان لە بینا و شوێنەوارە مێژووییەکان لەخۆدەگرێت.
بە پشتبەستن بە توێژینەوە شوێنەوارییە سەرەتاییەکان، دروستکردنی بەشەکانی ئەم کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی دواتر دەریانخست کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆتایی پارتییەکان.
ئەم کۆمەڵگەدا شوێنەوارگەلێک وەکوو تاوەری ئاسیاو، تاوەری نەقارەخانە، چێشتخانە، دیواری بەرگری، دەروازەی زیندان، قەڵای داوەر، گچی گومەز، جایدەر، هەشتێ و بینای کاکەکشیا لەخۆدەگرێت.
هەروەها شوێنەوارە مێژوویی و ئایینییەکانی دیکەش لە نزیک ئەم کۆمەڵگەدا هەڵکەوتوون، لەوانە مزگەوتی عەبدوڵڵا عومەر، گۆڕی ئەبودوجانە و مەزارگەی بابایادگار و داوود.
پەرستگای ئاناهیتا؛ شکۆمەندی تەلارسازیی کەنگاوەر
ئاسەواری مێژوویی ئاناهیتا لە ناوەندی شاری کەنگاوەر و لە ڕێگای هەمەدان بۆ کرماشان هەڵکەوتووە. ئەم بینایە لەسەر لووتکەی گردێکی سروشتی دروستکراوە و بە یەکێک لە گەورەترین بینا بەردینەکانی ئێران دادەنرێت.
لە کولتوری کۆنی ئێراندا، ئاناهیتا خوداوەندی ئاو و زۆری و جوانی و بەپیتی بووە و ئەو پەرستگایەی کە بۆی دەگەڕێتەوە، یەکێکە لە بینا مێژووییە هەرە بەرچاوەکانی کەنگاوەر.
ئەم بینا چوارگۆشەیە لە شێوازی لاکێشە بە ڕەهەندی نزیکەی ٢٠٩ لە ٢٤٤ مەتر بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای کرماشان دادەنرێت و لە گۆشەی باکووری ڕۆژئاوای ئەو بینایەدا ئیمامزادە و مزگەوتێکیش هەیە.
تەکیە و بارەگەی موعاون ئەلمۆڵک ؛ مۆزەخانەی کاشی و ڕەنگ
تەکیەی موعاون ئەلموڵک یەکێک لە بینا بەرچاوەکانی سەردەمی قاجارە لە شاری کرماشان کە لە چوارچێوەی مێژوویی ئەو شارە و گەڕەکی کۆنی ئابشوران هەڵکەوتووە.
گرنگترین تایبەتمەندی ئەم بینایە، کاشیکاریەکەیەتی؛ کاشی بەرجەستە و نیوە بەرجەستە بە نەخش و ڕەنگی جۆراوجۆر دیمەنێکی تایبەتی بە فەزای تەکیەکە بەخشیوە. ئەم تایبەتمەندییە تەکیەی موعاون ئەلمۆڵکی کردووە بە یەکێک لە شوێنەوارە تەلارسازی و هونەرییە ناسراوەکانی کرماشان.
کۆشکی ئەربابی؛ یادگاری تەلارسازی مێژوویی گیلانغەرب
کۆشکی ئەربابی شوێنەوارێکی مێژوویی شاری گیلانغەربە، دەکەوێتە تەنیشت سەراب مۆرت و لەڕووی نەخشە و پێکهاتەی تەلارسازییەوە بینایەکی سەرنجڕاکێشە.
ئەم بینایە بەشەکانی وەک کۆریدۆر، هۆڵی ڕێوڕەسم، ژووری تەختی فەرمانڕەوا، شوێنی ژیانی تایبەتی فەرمانڕەوا و یەکە کارگێڕییەکانی هەیە.
ئەو نەخشە گچییانە کە لە هۆڵی ئەم بینایەدا دۆزراونەتەوە، ئاماژەن بۆ بەکارهێنانی دیکۆراتی تەلارسازی لە سەردەمی ئەشکانیدا. هەروەها بەڵگە شوێنەوارییەکان دەریدەخەن کە ئەم کۆمەڵگە لە قۆناغەکانی دواتریشدا بەکارهاتووە.
زیج مەنیجە و تاقگەرا؛ دوو یادگار لەسەر ڕێگای کۆن
زیج مەنیجە یان قەڵای مەنیجە دەکەوێتە گوندی پاتاق سەر بە ناوچەی سەر پولزەهاب. تەلارسازی بیناکە، دروستکردنی دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەردەمی ساسانییەکان و لەناو قەڵاکەدا بینایەکی چوارگۆشەیی هەیە کە پێدەچێت قەڵای کۆمەڵگەکە بووبێت.
لە هەر لایەکی ئەم قەڵایەوە ژوورگەلێک هەن کە تاقی کەوانەیی تێدایە و هەندێکیان هێشتا ماونەتەوە.
هەروەها لە نزیک زیج مەنیجە، تاقگەرا دەکەوێتە سەر دەروازەی پاتاق و لەسەر ڕێگای مێژوویی لە کرماشانەوە بۆ سەر پولزەهاب. ئەم بینایە لە تەنیشت ڕێگایەکی قیرتاوکراوی کۆن دروستکراوە کە فەلاتی ئێرانی بە میزۆپۆتامیا دەبەستێتەوە.
سەبارەت بە سەردەمی بنیاتنانی تاقگەرا بۆچوونی جیاواز هەیە و هەندێکیش دەیگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ئەشکانی و هەندێکیش بۆ سەردەمی ساسانییەکان. بەڵام بە پشتبەستن بە بەڵگە شوێنەوارییەکان، بیناکە لە کۆتاییەکانی سەردەمی ساسانییەکاندا نەوژەن کراوەتەوە لەوانەیە لە سەردەمی خوسرەوی دووەمدا بووبێت.
بۆ تاقگەرا باس لە کارکردی جۆراوجۆر کراوە، لەوانە وێستگەی کاروانی شاهانە، بنکەی سنووری، بەرزڕاگرتنی یادی دروستکردنی ڕێڕەوی کاروانەکان و بینای بەرزڕاگرتی سەرکەوتنی ناوبراو.