جام کوردی - یەحیا گوڵ محەممەدی، راهێنەری نێودار و دیاری ئێرانی بە فەرمی بوو بە راهێنەری نوێی یانەی دهۆک.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی تەسنیمی ئێران، گوڵ محەممەدی دوایین گفتوگۆ لەبارەی وردەکارییەکانی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی دهۆک ئەنجامداوە و بە فەرمی بۆتە ڕاهێنەری ئەو یانە.

یەحیا گوڵ محەممەدی تەمەنی 55 ساڵە، لەگەڵ چەندین یانەی جیاوازی ئێران کاریکردووە، پێرسپۆلیس، فۆلاد و زەوب ئاهەن دیارترین ئەو یانانەن و بۆ یەکەمجار وەکو راهێنەر لە دەرەوەی ئێران کاردەکات.

راهێنەرەکە جگە لەوەی یاریزانێکی دیاری مێژووی تۆپی پێی ئێران بووە، وەکو راهێنەر جامی حەفیز کەپ و جامی سوپەری ئێرانی لەگەڵ زەوب ئاهەن بردووەتەوە.

لەگەڵ پێرسپۆلیس سێجار خولی ئێرانی بەدەستهێناوە، جامێکی حافیز کەپ، دووجار جامی سوپەری ئێرانی بردووەتەوە و لە ساڵی 2020 پلەی دووەمی چامپیۆنزلیگی ئاسیای بەدەستهێناوە.

یەحیا گوڵ محەممەدی، پێشتر و لە سەردانیدا بۆ دهۆک لە بارەگای پارێزگای دهۆک لەگەڵ عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک کۆبووەوە و هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی وەرزشی یانەکانی هەرێمی کوردستان و ئێرانیان کرد.