جام کوردی ـــ ناوچەی پارێزراوی بۆزین و مەرەخێڵ لە ناوچەی پاوە، بە دارستانەکانی چڕی دار بەڕوو و جۆراوجۆری ناوازەی جۆرەکانی ئاژەڵ و دیمەنە شاخاوییە بێ وێنەکانی، بە یەکێک لە بەنرخترین شوێنە سەرنجڕاکێشە سروشتییەکانی ڕۆژئاوای ئێران دادەنرێت؛ ناوچەیەکی سنووری کە دەتوانێت ببێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ گەشتیارانی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی کوردستانیش.
لە دڵی چیا گەشاوەکانی هەورامان و لەسەر سنووری نێوان ئێران و عێراق، ناوچەی پارێزراوی بۆزین و مەرەخێڵ وەک یەکێک لە گرنگترین یەدەگە سروشتییەکانی زاگرۆس، دیاری دەدات. ئەم ناوچەیە کە ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٢٥ هەزار هێکتارە، دەکەوێتە ناوچەی پاوە و بەهۆی سروشتی پاک و خاوێنی و ڕووپۆشی دارستانە بەرفراوانەکەی و جۆراوجۆری بایۆلۆجی ناوازەوە بە یەکێک لە گرنگترین ناوچە پارێزراوەکانی ڕۆژئاوای وڵات دادەنرێت.
جیاوازی بەرچاوی بەرزی لەم ناوچەیەدا، لە نزیکەی ٥٠٠ بۆ زیاتر لە ٢٥٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە، هەلومەرجی تایبەتی بۆ دروستبوونی شوێنی ژیانی ڕووەک و ئاژەڵە جۆراوجۆرەکان دابین کردووە. دار بەڕوو، بیچ، بادەمی کێوی، زەیتونی کێوی و دەیان جۆری تری ڕووەک، بەشێک لە ڕووپۆشی سروشتی ئەم ناوچەیە پێکدەهێنن.
بوۆزین و مەرخێڵ هەروەها شوێنی جۆرە گیانلەبەرە کێوییەکانی بەنرخە، لەوانە پەزە کێفی و باڵندەی جۆراوجۆری نێچیر و پەلەوەرەکان. بە وتەی سەعید دێزفولینەژاد، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان، نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ پلنگیش لەو ناوچەیەدا دەژین، کە وێنەکانیان لە لایەن کامێرای ژینگەپارێزییەوە تۆمار کراوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە گرنگی ژینگەیی ئەم ناوچەیە وتی: بەهۆی دەوڵەمەندی زۆری جۆراوجۆری ژینگەیی، پێشنیاری بەرزکردنەوەی بۆزین و مەرخێڵ لە ناوچەیەکی پارێزراوەوە بۆ "biosphere reserves"(ناوچەی پارێزراوی سروشتی ــ ژینگەیی نێودەوڵەتی) پێشکەش بە ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی وڵات کراوە.
شارەزایان پێیان وایە جگە لە بەها ژینگەییەکانی، بۆزین و مەرخێڵ توانایەکی بەرزی هەیە بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری سروشتی، شاخەوانی، سەیرکردنی باڵندە و گەشتیاری ئیکۆتۆریسم. نزیکی ئەم ناوچەیە لە سنووری عێراق و هەڵکەوتنی لە دڵی هەوراماندا دەتوانێت بنەمایەک بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر لە هەرێمی کوردستان و شارە جۆراوجۆرەکانی عێراقەوە دابین بکات.
ئەمڕۆ بۆزین و مەرخێڵ نەک هەر یەکێک لە گرنگترین شوێنە کێوییەکانی زاگرۆسە، بەڵکو یەکێکە لە بێوێنەترین شوێنەکانی گەشتیاری سروشت لە ڕۆژئاوای ئێران؛ گەنجینەیەک سروشتی کە پاراستن و ناساندنی تواناکانی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گەشەپێدانی بەردەوامی ناوچەکەدا.