جام کوردی ـ تاڵاوی هەشێڵان، یەکێک لە بەنرخترین ئیکۆسیستەمەکانی پارێزگای کرماشان، دوای چەندین ساڵ لە وشکەساڵی و کەمبوونەوەی توندی سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی مافە ژینگەییەکان، گەڕاوەتەوە بۆ بارودۆخێکی لەبار و ئێستا لە لێواری تۆمارکردندایە لە ڕێکەوتنامەی نێودەوڵەتی ڕامسەردا.
تاڵاوگەی هەشێڵان کە زیاتر لە ١١٠ دوورگەی بچووک و گەورە و جۆراوجۆری بێهاوتای جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵی تێدایە، بە یەکێک لە گرنگترین ناوچە ئاوییەکانی ناوچەی زاگرۆس دادەنرێت. ئەم تاڵاوە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی وشکەساڵی یەک لە دوای یەکەوە و دەرهێنانی زیاد لەڕادەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و کەندنی بیرە بێ مۆڵەتەکان، ڕووبەڕووی قەیرانێکی جددی کەمیی ئاو بووبووەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان بە ئاماژە بە ڕێوشوێنەکانی ڕزگارکردنی ئەم تاڵاوە، وتی: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە هاوکاری دەزگا بەرپرسەکان، بەشێک لەو ئاوەی کە هەشێڵان پێویستی پێیەتی لە ڕێگەی ڕووباری "ڕازاوەر"ەوە دابین کراوە، و بارودۆخی ئیکۆلۆژییەکەی باشتر بووە.
سەعید دێزفولینەژاد زیادی کرد: دابینکردنی مافی ژینگەیی، بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پاراستن، جارێکی دێکەتاڵاوی هەشێڵانی کردۆتەوە یەکێک لە شوێنە گرنگەکانی ژیانی گیانلەبەرە کێوییەکانی ناوچەکە تا ڕۆڵی خۆی لە دابین کردنی ئاوی سەرزەوی و باشترکردنی بارودۆخی کەشوهەوا و پاراستنی جۆراوجۆری ژینگە ببینێت.
ناوبراو هەروەها پرۆسەی بەدواداچوون بۆ تۆمارکردنی تاڵاوگەی هەشێڵانی لە کۆنفرانسی ڕامسەردا ڕاگەیاند وتیشی: "دوای سەقامگیرکردنی بارودۆخی ئیکۆلۆژی و ئاوی تاڵاوەکە، ئامادەکاری پێویست بۆ تۆمارکردنی ئەم ئیکۆسیستەمە بەنرخە لە لیستی تاڵاوگە نێودەوڵەتییە گرنگەکاندا دەکرێت.
چالاکانی ژینگەپارێز پێیان وایە، زیندوو کردنەوەی هەشێڵان، جگە لە پاراستنی یەکێک لە گرنگترین یەدەگە سروشتییەکانی زاگرۆس، دەتوانێت بنەما بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری سروشتی و ناساندنی توانا ژینگەییەکانی کرماشان لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا دابین بکات.