بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید دزفولینەژاد ڕایگەیاند: جێبەجێکردنی سایتی سەیرکردنی باڵندەی تاڵاوەکانی هەشێڵان کە زیاتر لە 10ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە، ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی لەسەدا 90ی پێشکەوتنی فیزیکی و ئەگەر بودجە دەستەبەر بکرێت و دیزاینکردنی زەوی تەواو بێت، ئەوا تا کۆتایی ئەمساڵ دەخرێتە کار.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم شوێنە ڕووبەرەکەی هەزار مەتری چوارگۆشەیە و بە ئیلهام وەرگرتن لە باڵندەیەک دیزاین کراوە و وەیشی: جگە لە خزمەتگوزارییەکان و هۆڵی کۆنفڕانس، ئەم کۆمەڵگەیە بە کامێرای تایبەتی سەیرکردنی باڵندە تەیار دەکرێت و لە هەمان کاتدا وەک دامەزراوەیەکی گەشتیاری و لێکۆڵینەوە خزمەت دەکات.

بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان بە ئاماژە بە پلانی گواستنەوەی سوودوەرگرتن ئەو شوێنە بۆ کەرتی تایبەت لە شێوەی پاراستنی بەشدارانەدا، وتی: ئامانج پەرەپێدانی گەشتیاری بەردەوامە لە هەمان کاتدا پاراستنی بەها ژینگەییەکانی تاڵاوی هەشێڵان

دێزفولینەژاد تاڵاوی هەشێڵانی بە "فڕۆکەخانەی باڵندە کۆچبەرەکان" وەسف کرد و دەشڵێت: "ئەم تاڵاوە 450 هێکتارییە و 110 دوورگەی بچووک و گەورەی تێدایە و یەکێکە لە گرنگترین شوێنەکانی نیشتەجێبوونی باڵندە لە ڕۆژئاوای وڵات، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا بە گواستنەوەی بەشێک لە ئاوەکەی ڕووباری ڕازئاوەر لە مەترسی وشکبوونەوە ڕزگاری بووە".