لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان کراوە تا پێش 17ی حوزەیران یاداشتێکی وردی دارایی ئامادە بکەن و بۆ سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران بنێرن.
بەپێی ڕێنماییەکان، ئەم یاداشتانە دەبێت زانیاریی نوێ لەسەر سەرچاوەکانی داهات، خەرجییەکان، ژمارەی فەرمانبەران، کۆی مووچە و نەسریەکان، هەروەها ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و پێویستییەکانیان لەخۆ بگرن. هەروەها داواکراوە کێشە و بەربەستە دارایییەکان هەڵسەنگێندرێن و پێشنیاز بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان بخرێتەڕوو.
ئەم هەنگاوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی شەفافیەت، باشترکردنی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی و زیادکردنی کارایی سەرچاوە دارایییەکان دەنرێت، بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت بە وردبینییەکی زیاتر مامەڵە لەگەڵ دۆخی دارایی هەرێمی کوردستاندا بکات.