ئاماژە بە شکستی پڕۆژەکانی ئەمریکا دەکات لە بەرامبەر ستراتیژیی خۆڕاگریی تاراندا.

​دکتۆر سەباح لە شیکردنەوەی دۆخی ئێستای ململانێکاندا بۆ جام کوردی ڕایگەیاند، واشنتۆن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی بەرامبەر بە تاران گەیشتووەتە بنبەست. ئەو وتی:

​"ئەمریکا لە ڕێگەی گەمارۆ ئابوورییە قورسەکان و گوشارە هەمەلایەنەکانەوە هەموو کارتەکانی خۆی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاقیکردەوە، بەڵام هاوکێشە واقیعییەکانی سەر عەرز پێچەوانەی ویستی واشنتۆن کەوتنەوە. کاتێک ئەمریکا دەبینێت تاران نەک هەر پاشەکشەی نەکردووە، بەڵکو توانیویەتی خاک، سەروەریی نیشتمانی و بڕیاری سەربەخۆی خۆی بپارێزێت، ناچار بووە واز لە زمانی هەڕەشەی سەربازی بهێنێت."

​ئەم دیپلۆماتکارە کوردە لە درێژەی لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە هێزی بەرگری و توانای موشەکیی ئێران، وەک فاکتەرێکی سەرەکیی بازداراندن (توازن الردع)، ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە لە ناچارکردنی لایەنی بەرامبەر بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. زەنگەنە ئاماژەی بەوە کرد:

​"توانای موشەکی و بەرگریی ئێران هێڵێکی سوور بووە و دەمێنێتەوە. واشنتۆن تێگەیشتووە کە کایەی سەربازی دژی تاران تێچوویەکی لێدەکەوێتەوە کە هیچ ئیدارەیەکی ئەمریکی ناتوانێت بەرگەی بگرێت. پاراستنی ئەم توانایە و هێشتنەوەی خاکەکە بە سەربەخۆیی، گەورەترین بەڵگەی سەرکەوتنی ستراتیژیی ئۆپەراسیۆنە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئێرانە."